بۆچی فەیسبووك كۆمان ناكاتەوە؟

‌عەزیز ڕەئووف

لەگەڵ فراوانبوونی تەكنیك و ئامێرەكانی تەكنەلۆژیادا كەرەستەكانی كۆكردنەوەی ناڕەزاییەكان گۆڕاون. ئەگەر سەردەمێك ڕادیۆ ڕۆڵی هەبووبێت لە گەیاندنی وشیاری سیاسی، ئەوا سەردەمانێك كاسێت كەرەستەیەك بووە بۆ پەیامی كۆكردنەوەی ناڕەزاییەكان وەك یاخیبوونەكانی 1979ی ئێران كە بە شۆڕشی كاسێت ناودەبرێت. دواتر تەلەفزیۆن ڕۆڵی هەیە لە گۆڕانی ڕژێمەكان، كەناڵی ئەلجەزیرە ڕۆڵی گەورەی بینی لە ڕوخانی هەردوو ڕژێمەكەی بن عەلی لە تونس و موبارەك لە مسر. هاوشان لەگەڵ تەلەفزیۆن ئیتر تەكنیك گەشەی تر بەخۆوە دەبینێت .

 ناڕەزاییەكانی دنیای عەرەبی بەشێكی كۆكردنەوەیان پەیوەندی بە تۆڕەكانی ئەنتەرنێتەوە هەبوو، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی تویتەر و فەیسبووك ڕۆڵی هەبوو لە كۆكردنەوەی گەنجەكانی مسر و تونس و ناڕەزاییەكانی گۆڕەپانی تەقسیم لە توركیا و ناڕەزاییەكانی ۆڵ ستریت جۆرناڵ. تا لەم ماوەیەدا ڕەجەب تەیب ئاردۆگان لە ڕێی شاشەیەكی مۆبایلەكەیەوە خۆی نمایش كردو ئومێدی بەخشیەوە بە لایەنگرانی و كودەتاكەی هەڵوەشاندەوە. 

لە دنیای ئێمەدا فەیسبووك لەجیاتی ببێتە مینبەرێك بۆ كۆكردنەوەی نیگەرانیەكان، بۆتە شوێنێك بۆ خاڵیكردنەوەی توڕەیی، بۆتە شوێنێك كە كۆی وزەكانی ئیسنانی ئێمەی تێدا نمایش دەكرێت. لە دنیای ئێمەدا سوشیال میدیا، بۆتە شوێنێك بۆ پەرتپەرتبوون و كۆنەبوونەوە و جیاوازی خەون و خولیا، بۆتە دنیایەك كە زیاتر دنیایەكە بۆ خەون و خولیاكانی تاك، گەر ئەمە لایەنە ئیجابیەكەی بێت كە فەیسبووك ببێتە ژورێكی تاكەكەسی بۆ ئەم نەوەیە، ئەوا بە دیوەكەی تردا دیوە نیگەتیڤەكەی دەبینین كە بریتیە لە پەرتپەرتبوون و كۆنەبوونەوە و دروستنەكردنی كیڵگەیەكی گشتی. 

ئیشكال لەوەدایە فەیسبووك لە دنیای ئێمەدا لەجیاتی شوێن دروست بكات خۆی دەبێت بە شوێن، لەجیاتی كێڵگەیەك دروست بكات بۆ كۆكردنەوەی خەمە هاوبەشەكان، كەچی نەوەی ئێمە كۆی برین و خەمەكانی لەسەر شاشە نمایش دەكات.

لیرەوە فەسبووك لە دنیای ئێمەدا لەجیاتی وزە دروست بكات، وزە دەكوژێت، لەجیاتی پاڵەوانی ڕاستەقینە بخوڵقێنێت، كارەكتەرێكی قسەكەری ئەودیو شاشە دروست كەكات، فەیسبووك لەجیاتی ببێتە بوونێكی كاریگەر كە كۆی خەمە گشتیەكانی تیا ببینینەوە، شوێنێكە بۆ تاكەكان، كە تەنها وەك ئاوێنەیەك ڕوخساری خۆیانی تێدا دەبینین.

بۆ ئەوەی پانتاییەكی گەورەمان هەبێت بۆ قسەكردن و خۆپیشاندان ، دەبێت فەیسبووك لە قسەوە بۆ ئەكت بگۆڕین، بۆ ئەوەی چیتر شاشە نەبێتە پانتاییەك بۆ قسەكردن و خۆنمایش كردن، دەبێت فەیسبووك بكەینە هۆكارێك بۆ كۆدەنگی، ناكرێت تەنها شاشەكان كۆمان بكەنەوە، دەبێت دۆخێك دروست بكەین، فەیسبووك تەنها وەك شوێنێك بۆ دروستكردنی گروپ و مەوعیدەكانی خۆمانی تیا نیشان بدەین، نەك وزەی خۆمان لە شاشەكاندا سەرف بكەین. 

تا پانتایی نمایش لە شاشەی فەیسبووكەوە نەگوازینەوە كێڵگەیەكی تر، هەرگیز فەیسبووك ناتوانێت كاریگەری لەدنیای ئێمەدا جێبهێڵێت.


PM:05:55:25/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 4838 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی