كەسنەزان..... یان لەتێك مانگ

‌عەزیز ڕەئووف

شارۆچكەی كەسنەزان ڕەمزە بۆ پاشاگەردانی دنیای ئێمە. ڕەمزە بۆ ئەو پارچەپارچەبوونە ڕۆحی و كۆمەڵایەتی و دینیەی كۆمەڵگەی ئێمە. هەواڵەكان لە كەسنەزانەوە دێن، هەواڵگەلێك پێمان دەڵێن ئێمە لە چ دۆخێكی سەرەتاییدا ژیان دەكەین.

مەلای كەسنەزان چاوی ئەوەندە تیژە مانگی دیوە، بەڵام لەبەر خەڵك بەڕۆژوو دەبێت، ئەمە ئەو نەگبەتیەیە كە قسەی لەسەر دەكەین، ئەمەیە بچووككردنەوی دین بۆ عەیب و عار و لەبەر خەڵك و خاڵیكردنەوەی دین بۆ چەند سروتێكی بەتاڵ و بێ جەوهەر.
لە سەردەمی تەكنەلۆژیا گەورەكاندا كە بە چەندین ساڵ پێشتر دەزانرێت كەی خۆر و مانگ دەگیرێت، كەچ ئێمە دەبێت چاوەڕێی لیژنەیەكی پیر و پەككەوتەی وەزارەتی ئەوقاف بین كە مانگمان بۆ ببینن. بێئاگا لەوەی ئەوان چاویان لەسەر سعودیەیە نەك ئاسمان. 

لە عەسرێكدا بەشێكی زۆری خەڵك لە دنیای ئێمەدا چاویان لە لەتێك نانە، كەچی كۆمەڵگەی ئێمە دەبێت وەك كۆمەڵگە سەرەتاییەكان چاوی لە لەتێك مانگ بێت، بۆ ئەوەی بزانێت كەی جەژنە، ئەوا جەژن هات، چی لە دنیای ئێمە دەگۆڕێت؟ ئەوە خۆتانن دەتوانن جەژن بۆخۆتان بێنن، لەتێك مانگ توانای دابەزینی خۆشبەختی نیە بۆ ئێوە. 

ئەو كۆمەڵگەیەی بەدوای لەتێك مانگدا دەگەڕێت، لە ئێستادا زیاد لە هەر عەسرێكی تر پێویستی بە یەك لەت لە غیرەتە بۆ بیركردنەوە لە ژیانی خۆی، بۆ تێڕامان لەو دۆخەی كە سیاسیەكان خوڵقاندویانە.

گومانم لە كۆمەڵگەیەك هەیە كە منداڵەكانی برسی بن، كەچی بەهاتنی جەژن دڵخۆش بێت، گومانم لە تاكەكانی كۆمەڵگەیەك هەیە، پارە دەبەنە حەج و منداڵی برسی هاوسێكانی خۆیان نابینن، گومانم هەیە لە ئەو مەخلوقەی پارە دەدات لەوپەڕی دنیا بەرد لە شەیتان دەگرێت، بێ ئاگا لەوەی بەردی هەموو دنیا بەشی شەیتانە دەسەڵاتدارەكانی ئێمە ناكات.

بەردەوام كۆمەڵگە سەرقاڵ دەكرێت بە شتە بچوكەكانەوە تا قەزیە گەورەكانمان بیر بچێتەوە. لەم دۆخەدا كە سیاسیەكان دروستیان كردووە، چاوی میدیاكان لە كەسنەزانە، چاوی میدیاكان لەسەر لیژنەیەكی پەككەوتەو چاوكزی وەك لیژنەی بینینی مانگە، لە ئێستایا بە سەدان لیژنەمان پێویستە تا مافەكانمان ببینین، هەزاران گروپمان پێویستە تا ئەم هەموو ناحەقیە ببینێت و بژمێرێت كە لەم كۆمەڵگەیەدا ڕوودەدەن. 

تۆ ناگەڕێی بەدوای مافەكانتا، ڕازیت بە بەشی خۆت، چونكە وادەزانی خودا بۆی دیاری كردووی، دەگەڕێی بەدوای لەتێك مانگدا، لەتێك مانگ هەموو ساڵێك دێت و كەچی ژیانی كۆمەڵگەی ئێمە تادێت تاریكتر و ناشرینتر و برسیتر و بێدەنگتر دەبێت.


AM:05:13:06/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 9498 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی