چۆن منداڵەکانمان دڵخۆش بکەین؟

‌عەزیز ڕەئووف


عەزیز ڕەئووف
لە دۆخی پڕ لە قەیران و ئاڵۆزی وەک ئێستای ئێمەدا کە وەک مەیمونی شیمپەنزی دەبێت خۆمان مۆز بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵ و بەخێوکردن و گەورەکردنی کارێکی یەکجار قورس و تاقەتپڕوکێنە.

بۆ من قورسترین کردە ئەوەیە کە دەبێت دوو ڕۆڵ بگێڕم یەکیان وەک مرۆڤێک لە کۆمەڵگەدا کە خەمی گشتی م هەیە و ئێستامان جوان نیە و پڕە لە قەیران و کێشە و قسەکردن لەسەر خۆمان و خەمەکانمان. ڕۆڵی دووەمم ئەوەیە کە دەبێت وەک منداڵ بژیم و وا لە منداڵەکانم بگەیەنم کە ژیان جوانە و هەموو شت باش دەبێت و بەم هەموو خەمەوە ئەگەر وەک یاریش بێت دەبێت پێبکەنم و وەک منداڵ یاری لەگەڵ منداڵەکانم بکەم. زۆر سەختە لەم دۆخەدا هەر یەکەمان دوو ڕۆڵ بگرێڕێت.

ئایا دەتوانین چی بۆ منداڵەکانمان بکەین؟ ئایا دەتوانین گوێیان لێ بگرین و لە خەمەکانیان بگەین؟ (لە فلمی "مالێنا" دا راناتۆ ئامۆرۆسۆی هەرزەکار لەشی "مۆنیکا بەلوچی" ی شۆخ و شەنگ دەبینێت و لە بیری ناچێت باوکی دەیبات بۆ سۆزانیخانەیەک تا ماوەیەک لەگەل ژنێکدا بخەوێت و ئاسایی بێتەوە). پرسیاری جدی ئەوەیە کێ لە ئێمە دەتوانێت ئەوە بۆ کوڕە هەرزەکارەکەی بکات؟ ئایا هیچ باوکێک دەتوانێت گوێ لە کۆی خەم و ئازار و تەنانەت ئارەزووە شەخسیەکانی نەوەکانی گرێت؟

زۆر گرنگە منداڵ وەک خۆی گەورە بکەین و نەیکەینە بەشێک لە خەم و برین و قوربانیەکانی دۆخێکی نائارام. بۆ نمونە لە ئێستادا کێشە هەیە ئەوە کێشەی منداڵ نیە و لانی کەم منداڵ دەبێت دڵخۆش بێت دەبێت لە خەم و برین و کێشە ئابووری و سیاسییەکان دوربخرێتەوە و دەبێت لێگەڕێین منداڵی وەک منداڵی بەڕێ بکات.

(رۆبیرتۆ بێنیجنی ئەکتەر لە فلمی ژیان جوانە life is beautiful 1997 دا ڕۆڵی باوکێکی جولەکە دەبینێت کە لە سەربازگەیەکی نازیەکان لەگەل هاوسەر و منداڵەکەی دەسبەسەرن. باوک هەموو هەوڵێک دەدا وا لە کورەکەی بکا کە هەست نەکا دەستبەسەرن و چرکەساتەکانی منداڵەکەی بە پێکەنین و یاری بەسەر دەبات و نایکاتە بەشێک لە خەمی سیاسی ئەو دۆخە. دواجار کوڕەکە لەناو سندوقێکی پۆستەدا خۆی شاردۆتەوە و باوکەکەش دەبەن بۆ کوشتن. باوکەکە لەوکاتەشدا نایەلێ کورەکەی بزانێت و وا پیشان دەدا چاوشارکێی لەگەڵ دەکا).

ئەگەر ئارەزووەکانی منداڵی تێر نەکرێت ئەوا دەبێتە گرێیەکی دەروونی و لە گەورەبوونیدا تۆڵەی خۆی و خەم و خولیاکانی لە کۆمەڵگە دەکاتەوە. هیتلەر وەک منداڵێکی هەشت ساڵ بەبەرچاویەوە دایکی دەمرێت و دکتۆرە جولەکەکان پێدەکەنن و ئامادە نین فریای دایکی هیتلەر بکەون و دواجار هیتلەر کە گەورە دەبێت لە تۆڵەی دایکی، جولەکە ڕەشەکوژ دەکات و نیەڵێت یەک جولەکە لە ئەڵمانیا و ئەوروپا لە سزا ڕزگاری بێت.

ئێمە منداڵی کۆڵانەکان بووین و ئێستاش شەڕە گەڕەکی منداڵیمان کاریگەری لەسەر پەیوەندی سیاسیمان هەیە و پیرەمێرد گوتەنی ئێمە کە فێری شەڕەگەڕەکین کە بوین بە حزب ئیتر چۆن یەکین؟ شەڕەگەڕەک و پەروەردەی کۆڵان دۆخێک دورست دەکات کە گەورە بوین لە زاکیرەماندا دەمێنێتەوە. (من کە منداڵ بووم لە گەڕەکەکەمان لە لادێ تێر یاری و شەڕ و چاوشارکێ و شەڕە بەردمان دەکرد و کە کات درەنگ دەبوو هەریەک دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە و ئیتر هاوارمان دەکرد:

هەرکەس بۆماڵ باوکی / تەنەکە بە هین دایکی.

پەروەردەکردنی منداڵ لە دۆخی وەک ئێستای کوردستان کە حکومەت ئاگای لە منداڵ نیە و شوێنی سەرەکی و بنەڕەتی منداڵ خێزانە، بۆیە هوشیاری خێزانی بۆ منداڵ بەهای خۆی هەیە و لانی کەم دەتوانین منداڵەکانمان بە ڕۆحی ئینسانی و خۆشەویستی ئەوی تر پەروەردە بکەین.

ئەمساڵ بەفر نەباری، لەگەڵ منداڵەکان و هاوسەرم دەچمە ئەو شارباژێر ە و بەدوای بەفردا دەگەرێین و یەک تۆپەڵمان نەدۆزیەوە. خاڵێکی پشکنین دیتە ڕێگەمان و پشمەرگەیەک وەستاوە و لەسەرما فوو لەدەستی دەکات، بەجۆرێک هەڵمی هەناسەی دەبینرێت. کە خاڵی پشکنین جێدەهێڵین، هەرچوارمان بێدەنگین وەک ئەوەی هەموومان هەستمان بە شتێک کردبێت و نەتوانین چۆن دەریببڕین.

- باوکە بینیت؟
+ چی کورم؟
- ئەو پێشمەرگەیە دەستی سەرمای بوو.
+ ئەی چی بکەم کوڕم؟
- دەسکێشەکەی من بچوکە بۆ دەستکێشەکەی خۆتی پێ نادەی؟
+ بیرۆکەیەکی جوانە بەسەر چاو.

دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی پشکنینەکە، پێشمەرگەکە تەماشامان دەکا، پارسا دادەبەزێت و لە دوورەوە لێمانەوە دیارن پارسا و پێشمەرگەکە گفتوگۆ دەکەن و پێشمەرگەکە ماچی دەکات و ئەویش دەستێکی سڵاو بۆمن بەرز دەکاتەوە. کە لە ئاوێنەی ئۆتۆمبیلەکەوە تەماشای دواوە دەکەم لە دوورەوە پێشمەرگەکەم لێ دیارە کە بەدەم لەدەستکردنی دەستکێشەکەوە هەر تەماشامان دەکا.


PM:12:51:11/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 3316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی