بزوتنەوەی گۆڕان، کێشەکە لەشوێنێکی ترە

‌عەزیز ڕەئووف

لەئێستادا کێشەی گۆڕان کێشەی نەبونی باوکی ڕەمزی نیە، ئەسڵەن کە ڕێکخەری گشتی لەژیاندا مابو، نیوەی هاوڕێکانی لەسیاسەتی بزوتنەوەکەو بەڕێوەبردنی نیگەران بون. لەئێستادا کێشەی گۆڕان ئەوە نیە کە لەکوێ پارەی وەرگرتووە.

لەئێستادا کێشەی گۆڕان کێشەی نەوەی پێشو کێشەی بوونی کوڕەکانی کاک نەوشیروان‌و گەنج‌و خوێنی نوێ نیە، ئەسڵەن نەوەی نوێ هەر دورستنەبووە لەم هێزەدا جگە لەکۆمەڵێ پاڵەوانی زۆر بڵێی سەرشاشە تا کێشەکان وا تەفسیر بکەین.
 
کێشەو قەیرانەکانی کۆمەڵگەی کوردی زۆر لەوە قوڵتر بوو گۆڕان تێی بگات. یان ڕوونتر، کێشە سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمەڵایەتی‌و پەروەردەییەکانی دنیای ئێمە زۆر لەوە ئالۆزتر بوون کە هێزێکی وەک گۆڕان تەنها بەچوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن‌و وەرگرتنی چەند پۆستێک‌و کەناڵێکی ئاسمانی کە ناوی نابو تۆپخانە چارەسەر بکرێت.
 
کێشەی گۆڕان کێشەی دید و تەفسیر و پارادیم و دنیابینی نوێ بوو کە ئەم هێزە لانی کەم دە ساڵی ڕابردووی خۆی کاتەکانی کوشت بە قسەکردن و ڕەخنەگرتن و دەنگەدەنگێک کە هەموومان دەمانزانی هیچی لێ شین نابێت. گۆڕانیش وەک دەسەڵات چوار ساڵ جارێک چاوەڕێی دەنگی هەوادارەکانێتی و کۆمەڵێک پارلەمانتار و وەزیر و ڕاوێژکاری بەتاڵی پێ دامەزرێنێت. تۆ سەیر بکە گۆڕان یەک کارەکتەری پارەی هاتە دەست” وەزیری دارایی” بەڵام لە تاقیکردنەوەی گۆڕان دەرنەچوو.
 
کێشەی گۆڕان نەبوونی دنیابینی بوو، من دەپرسم کە گۆڕان دژ بەپرنسیپەکانی سەوابتی ئایین نیە، کەواتە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی یەکیان زیادن، گۆڕان و هاوپەیمانییەکەی دکتۆر بەرهەم کە هەردولایان بڵێن دەسەڵات گەندەڵە و هەردوکیان لە هەناوی یەکێتی بێنە دەر، دڵنیام یەکیان زیادن.
 
خۆی ئەسڵەن گۆڕان دەبوو خاوەنی مۆدێلێکی تری سیاسی بێت‌و کورتکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئۆپۆزسیۆنی پارلەمانی کات کوشتن بوو کە خەڵک تاقەتی ئەم حیکایەتەی نەمابوو. سەرباری تەزویری دەسەڵات "کە لەساڵی 1992 وە تەزویر دەکرێت” بەشێکی زۆری ئەوانەی بڕوایان بە گۆڕینی دنیا هەبوو لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا نەچوونە سەر سندوقەکان، دەبوو لەم نیگەرانی و پشتتێکردنە تێ بگەی، تۆ بتەوێ لەپڕ خەڵک تەنها بەقسەو دەنگەدەن دوات بکەوێ ئەوا بە بێدەنگیش جێت دەهێڵێت و بێ ئەوەی هەست بە خۆت بکەی دەتکات بە بچوکترین هێزی دنیا.

تۆ بتەوێ بەتۆپخانە دنیا بگۆڕی، ئێ ڕۆژێک تۆپخانە بارودتی لێ دەبڕێ‌و بەناچاری بە پارەی ئەو هێزەی بە گەندەڵی تاوانباری دەکەی و لێی جیابویتەوە، باروت وەردەگری، دەبێ ئەوەشت بیر بێت ئەم کردەیە هیچ سودی نیەو زۆریش درەنگە بۆ قەناعەتپێکردنی خەڵک.

گۆڕان دەبو ئەوە بزانێت، بەپاڵەوانی سەر شاشەو دەنگەدەنگ‌و زمانی ژمارەکان دنیا ناگۆڕێ، لەئێستاشدا گۆڕان وردە وردە خەڵک لەگۆرینی دنیا بێ ئومێد دەکات‌و بەمردنێکی هێواش ڕایان دەهێنیت.


PM:03:30:11/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1645 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی