كوردی داماو دەنگ بدە بە خاوەن دكتۆرایەكی چاوباشقاڵ

‌عەزیز ڕەئووف

هەر لیستە و بەدوای كارەكتەری خاوەن شەهادەی دكتۆا دا دەگەڕێ بێ ئاگا لەوەی ئەوانەی لە زانكۆن بەشێكی زۆریان وەك پاداشتێكی حزبی شەهادەیان پێ دراوە و بەشێكیشیان ئەوەندە بەتاڵن كە ناتوانن بە دوو ساڵ جارێك توێژینەوەیەك بنوسن "لەگەڵ ڕێزم بۆ هەندێكیان". ئەوە بۆیە بمەوێ نوسینێك ئامادە بكەم دەبێ پەنا بەرمە بەر زمانێكی بیانی و توێژینەوەیەكم دەسناكەوێ؟ ئاخر ئەگەر قەوارە و حزب و لیستەكان خاوەنی فكر و بیروباوەڕ و پەروەردەی سیاسی بوونایە ئێستا ئەوەندە بەتاڵ نابوون، چونكە خۆیان بەتاڵن وادەزانن هەركەس دكتۆرای هەبوو بەتوانایە و كاندیدی دەكەن. تۆ سەیركە نە ئۆجەلان و نە مام جەلال و نە نەوشیروان دكتۆرایان نەبوو.
زانكۆكانی كوردستان لەسایەی ئەم جۆرە خاوەن دكتۆرایانەوە لە خراپترین زانكۆكانی دنیان، وەك چۆن لەسایەی ئەم جۆرە دكتۆرانەشەوە پارلەمانتارانی كوردستان و عیراق لە خراپترین و مەسڵەحەتچیترین مرۆڤی دنیان.

جا سەیری ئەم نمونانە بكە:

یەكەم:  ئەوە لە زانكۆ گەنجێك كۆڕێكی گێڕا باسی ئینسانی دەكرد خۆی لە تەندروستی ئاژەڵ دەیخوێند، كۆڕەكەی زۆر خراپ بوو، هەستام و وتم كوڕی باش وەڵاهی عەیب نیە واز ئینسان بێنە و بچۆ ببە بە دكتۆری بەیتەری و باڵی كۆترێك چاك بكەوە، دەرزی لە مانگایەك بدە، ئاژەڵدۆستی بۆخۆی ئەوپەڕی مرۆڤایەتیە، "كەچی حزبەكەی كردی بە پارلەمانتار".

دووەم: خاوەن دكتۆرایەك هەیە " ئێستا لە یەكێ لەم لیستانە كاندید كراوە" هێندە بێكەڵكە هەموو مامۆستا و خوێندكارەكانی زانكۆ دەیناسن و بە پێكەنینەوە دەڵێن: ئاگات لێیە دكتۆر"...." كاندیدە؟

سێیەم: خاوەن دكتۆرایەك هەیە، لە زانكۆ ئۆفیسەكەی كردبوو بە شوێنی " مەوعید لەگەڵ كچان و خوێندارەكانی خۆی و زۆرینەی مامۆستا و خوێندكارانی زانكۆش دەیانزانی." ئێستا پارلەمانتارە".

چوارەم: خاوەن دكتۆرایەك هەیە " ئێستا كاندیدە " خوێندكارەكەی كە ژنە، نمرەی وانەكەی كەم دەبێت، پێی دەڵێ دكتۆر تخوا چەند دەرەجەیەكم پێ بدە با دەرچم بەخوا منداڵم هەیە، ئەویش پێی دەڵێ: "بۆ یارمەتیت بدەم؟ خۆ منداڵەكانت لە من نین".

پێنجەم: دكتۆرێك هەیە ئەوەندە تەمەڵە بۆ ئەوەی پلەی زانستی بەرز بێتەوە توێژینەوەی خوێندكارێكی مێینەی خۆی دەدزێت، خوێندكارەكە پێی دەزانێت و پێی دەڵێ دكتۆر توێژینەوەی من بۆ دەبەی و بەناوی خۆتەوە بڵاوی دەكەیتەوە؟ دكتۆرەكەش دەڵێ: "بێدەنگ دەبی باشە بێدەنگ نابی بە مێردەكەت دەڵێم كە لە زانكۆ پەیوەندیت لەگەڵ كوڕاندا هەبووە" جا ئەوەش بزانن ئەم دكتۆرە "پارلەمانتاری خانەنشینە".

شه‌شه‌م: خاوه‌ن شەهادەی دكتورایه‌ك له‌ لیژنه‌ی ئیمتیحانی نمرەی خوێندكارەكانی حزبەكەی تەزویر كردبوو لە زانكۆ ئێستا مورەشەحی لایەنێكی سیاسیەو دەیەوێ لە بەغدا مافمان بەدەست بێنێت.

لەم دۆخە سڵ بكەنەوە، دۆخی درۆی گەورە لەگەڵ ئێوە، دۆخی جوڵاندنی سۆزی ئێوە و فیڵكردن لە ئێوە لەسەر جەستەی ئێوە خۆ دەوڵەمەنكردن و گیرفان پڕكردن. سڵ بكەنەوە لەم سادەبوونەوەیەی پێش هەڵبژاردن، سڵ بكەنەوە لە چونە ناوخەڵكی لەلایەن ئەم بەتاڵانەوە، سڵ بكەنەوە لە یاری دۆمینە و شەترەنجی ئەم مەخلوقە بەتاڵانەی دەیانەوێت لە چایخانە و كافتریا و چێشتخانەكاندا خۆیان سادە و خاكی پیشان بدەن. سبەی بانگەشەی هەڵبژاردنە، سڵ بكەنەوە لە وێنەی ئەو كاندیدانەی بزەت بۆ دەكەن و لە دیوار و ستونی كارەبا و بەرزایی پردەكان هەڵواسراوە، سڵ بكەنەوە لە قیڕەقیڕی كاندیدی بەتاڵ و حەتاڵ كە دەزانێ بۆ هاوار دەكات و كە دەرچوو چی دەكات بۆ خۆی و چی بۆ بۆ ئێوە.

هیچ پەیوەندیەك لە نێوان داخوازی خەڵك و تەماحی كاندیدەكاندا نیە و هەر یەكە و مێشكی ئاوازێكی تێدایە. جا ئەوە بیرمە  گۆرانیبێژی میللی "فەتاح سەوزەواری" لە هەڵبژاردنەكەی 2005 ی پارلەمانی عیراق لە كەناڵی كوردسات گۆرانی دەوت و دەیگوت:

پەرلەمانە پەرلەمان، گەلی كوردی قارەمان

بەدەنگدانی ئێوەیە، نافەوتێ مافی كوردان

هەموو بچن دەنگ بدەن، با سەركەوێ كوردستان

بەڵام گۆرانیبێژ "ڕەزا جولەكانی" لە تەنیشتی گۆرانی دەوت و كە سەرەی ئەودەهات دەیگوت:

ئەی دەنوێ ئەمان دەنوێ ئەی دەنوێ خەوی نایا

سەد خۆزگە بەو دەستانەی خۆم لەو خەوەم هەڵسانایا

جێگەی بۆڕاخەن با بنوێ.....

 هیچ ڕەپتێك لەنێوان بەندی ئەو دوو گۆرانیبێژەدا نەبوو. برایمی پێشكەشكاری بەرنامەكە شێت ببوو بەدەستیانەوە.
دەی تۆش مەیكە نامەردی ئەی كوردی داماو، ویژدانی خۆت بەكاربێنە و بچۆرە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بدە بە خاوەن دكتۆرایەكی چاوباشقاڵ.
.............

"ڕێزم بۆ هەندێ لە دكتۆرەكان كە كەسانی باشن.
........................................
لینكی گۆرانیەكەی فەتاح سەوزەواری و ڕەزا جولەكانی.


AM:11:48:17/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 8685 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی