داعش، موجاهیدی بێماڵ

‌عەزیز ڕەئووف


هێزە ئیسلامیستە توندڕەوەكانی داعش هەر كۆمەڵەچەكدارێكی جیهادیستی ناوچەكە نین كە لە سنووورەكانەوە تێدەپەڕن لە هەرێمێكی تر پڕۆسەی جیهاد ئەنجام بدەن، وەك چۆن تەنیا كۆمەڵە منداڵێكی شەڕانییش نین كە ئارەزووی سەركێشی و ئاژاوە بكەن، بەڵكو ئەوان كۆمەڵەمەخلووقێكی بێماڵن و ناگەڕێنەوە بۆ ژوورە تاكەكەسییەكان.

چەمكی موجاهیدینی بێماڵوحاڵ داهێنەرەكەی بەرپرسی گرووپی ئەلقاعیدە، ئوسامە بن لادنە. كاتێك ئەو دەستبەرداری دوژمنە لۆكاڵییەكان دەبێت و جیهاد دژ بە خۆرئاوا دەكات، درووست دەیەوێت پێمان بڵێت دوژمن دوورەدەستە. چەمكی دوژمنی دوور لای گرووپە ئیسلامییە ڕادیكاڵەكان بووه‌تە درووشمێكی سەرەكی.

گرووپێكی ئیسلامیستی ڕادیكاڵی وەك داعش، درووست دەركەوتەی ئەم دوخەیە و كۆمەڵەمنداڵێكی بێماڵن و پۆینتی خۆیان ناخەنە سەر یەك دوژمنی دیاریكراو بەڵكو زیاد لە هەوڵێك و زیاد لە پڕۆسەیەك ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی پێمان بڵێن موجاهیدی بێماڵوحاڵ كێشەی لەگەڵ درووستكردنی ماڵدا هەیە.

دەركەوتەی ئەم گرووپانە لەو وڵاتانەیە كە ماڵێكی لێكترازاون. بە مانایەكی تر ئەم هێزانە دەتوانن لەو وڵاتانە پڕۆسەی توندوتیژی ئەنجام بدەن كە ماڵێكی پڕ ئاژاوەن و سیستم تێدا لاوازە. سوریای ئەسەد و عێراقی ئێستا و ئەفغانستان. دەركەوتەی هێزێكی وەك داعش لە عێراق و شام دەركەوتەی ماڵێكی لێكترازاوە كە عێراق لە دوای پڕۆسەی ئازادی، نەیتوانیوە ماڵێكی تۆكمە بێت، هەمیشە ماڵێك بووە بۆ توندوتیژی و ڕەتكردنەوەی ئەوی تر. سوریای ئەسەد چەند ساڵێكە خوێنی لێ دەچۆڕێت. درووستكردنی ماڵێك، حكوومەتێكی لۆكاڵی لە خۆرئاوای كوردستان و دژایەتیكردنی داعش و هێزە ئیسلامیستەكانی تر درووست دەركەوتەی ئەم بێماڵییەیە كە ئەم گرووپە تەعبیری لێ دەكات و دەیەوێت ئەوی تریش بێ ماڵ بێت.

نەبوونی دوژمنێكی دیاریكراو خەسڵەتێكی ئەم گرووپە ڕادیكاڵانەیە. كێ دوژمنە؟ كام دەسەڵات و كام ئایدۆلۆژیا؟ كام سیستەم و كام ئایدیا؟ نەبوونی دوژمنێكی دیاریكراو نەبوونی تارگێتێكی دیاریكراو بۆ شەڕكردن و ئاڕاستەكردنی تفەنگەكان، لە سیمای ئەم گرووپانەیە. ئەم هێزە كێشەی نییە كێ دەكوژرێت، هەركەس بكوژرێت لە هەر شوێنێكی دنیا ئەگەر ئەم گرووپانەش ئەنجامی نەدەن ئەوا بەرپرسیارێتییەكەی دەكرنە ئەستۆی خۆیان. لە كوێ خوێن هەبێت ڕژێنەرەكەی ئەمانن، لە كوێ دەنگی تەقینەوەیەك بێت كۆنتڕۆڵەكەی لای ئەمانە. ئەم نەبوونی دوژمنی دیاریكراوە وای كردووە وەزیفەی گرووپە ئیسلامیستە ڕادیكاڵەكان بۆ وەشاندنی شمشێرەكان ئاسانتر بێت. كە هەموو كەس دوژمن بێت، ئیدی نیشانەكە كەسێك دەپێكێت. تیرەكە بۆ یەك كەسی دیاریكراو نەبێت، هەر كەس بپێكێت ئەوە دوژمن بێت وەزیفەی ئەم جۆرە گرووپە ئاسانتر دەكات. درووست ئەم گرووپانە لەم دۆخەدا دەژین. دۆخی دیارینەكردنی یەك دوژمن، یەك هێز و یەك سیستم.

هاتنی داعش بۆ عێراق ئەگەر بەرمەبدای ماڵێكی لێكترازاو بێت، ئەوا بە ماناكەی تر عێراق ئەزموونی لەگەڵ ئەم جۆرە هێزەدا هەیە. لە دە ساڵی ڕابردوو یان هێزە عێراقییەكان و وڵاتانی ناوچەكە ئەم وڵاتەیان كردووه‌تە زەلكاوێك كە زۆر بە ئاسانی ببێتە ماڵێكی بێماڵ بۆ ئەم جۆرە لە گرووپانە.

ئەوەی ماڵی نەبێت گوێی بە ڕووخانی ماڵی ئەوی تر نییە و دەخوازێت زۆرینە وەك خۆیان بێماڵ بژین.

بە پشتبەستن بە میدیا و دیجیتاڵ و تەكنەلۆژیا، ئەم هێزە لە ڕێی هەواڵە بەپەلەكانەوە توندوتیژی لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە دەگوازێتەوە نێو ماڵەكانمان. میدیا كۆمەك بەم هێزانە دەكات كە لە ماڵەكانەوە تەماشای چالاكیی ئەو هێزە بكەین كە خەڵك بێماڵوحاڵ دەكەن.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌هه‌فته‌نامه‌ی‌ ئاژانس بڵاوكراوه‌ته‌وه‌


PM:02:55:05/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 4683 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی