چەمچەماڵ وەك مۆدێل

‌عەزیز ڕەئووف


لە دۆخێكداین خەریكە دەگەڕێینەوە سەردەمی خولە پیزە. لە دۆخێكداین بێئومێدی لە دنیای ئێمەدا لەئاست داواكاریەكان بۆ خەباتی مەدەنی و گوێنەگرتن لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتەوە، تادێت فراوانتر دەبێت، دەركەوتەكانی پارچەپارچەبوون و پەنابردنە بەر توندوتیژی دژ بە دەسەڵاتێك كە ئەم هەموو خۆپیشاندانە مەدەنیە نابینێت، خەریكە ئاسۆكانی بەدەردەكەوێت. سەرەتا تۆڵەكردنەوە بە هەڵبژاردن و دواتر ناڕەزایی و مانگرتن و خۆپیشاندان و دواتر بێئومێدی، دواجار كۆتایی ئەم یاریە بە توندوتیژی كۆتایی دێت.

نەمانی هەر خیارێكی تر بەرامبەر بە داواكردنی مافە ڕەواكان، خیاری پەنابردنە بەر چەك ئاسانترینیان دەبێت.

كە تۆ گوێچكەت لەئاست هەموو داواكارییەكانی خەڵك دابخەیت بشتەوێ قبوڵی بكەن و سەركرز بكەن، ئەمە لە هیچ دنیایەكدا نە ئامادەیی هەبووە و نە دەشبێت. كە تۆ كۆی دامەزراوەكانی كۆمەڵگە پەك بخەیت و ئامادە نەبیت ژیان لەگەڵ ئەوی تردا دابەش بكەیت، بشتەوێ كۆمەڵگە سەری خۆی كز بكات و ناشبێت مویەكیش لە جەستەت بكاتەوە، ئەمە لە هیچ كۆمەڵگەیەكدا نە بینراوە و دەشبینرێت.

ئەوە چەند ساڵە مامۆستا بەوپەڕی خەباتی مەدەنی و خۆپیشاندان و بایكۆت داوای مافی خۆی دەكات، تەنگەتاو نەبویت بەڵام ترس لە خەباتی چەكداری و سوتانی دەزگاكان نیگەرانت دەكات. ترسی من لە ئێستادا لەوەدایە بێئومێدی لەئاست ئەم نوخبە سیاسیە بەتەواوی دەركەوتووە و ئەم بێئومێدیەش قەت بە بێدەنگی نامێنێتەوە و بۆنی ئەوەی لێدێت چەمچەماڵ ببێتە مۆدێلێك بۆ تۆڵەكردنەوە لەگەندەڵكاران و نوخبەی دەسەڵاتداری كوردی. لە ئێستادا ئەو دەركەوتەیە دەبینم كە لای نەوەی ئێمە خەریكە خەباتێكی مەدەنی و هێمنانە چارەسەری كێشەكان نەكات و نوخبەی دەسەڵاتیش هەرگیز لەم خەباتە مەدەنیە نە دەترسێت و نە گوێی پێداوە، بەڵكو ترسی حزب و دەسەڵاتی كوردی لەو خیارە سەختەدایە كە خەریكە وێنەكانی دەردەكەوێت.

لە ئێستادا تارماییەك دەبینم، تارمایی خیاری تر و تاقیكردنەوەی جۆرێكی تر بۆ داواكردنی داخوازی، كە خۆی لە داوای هێمنانەدا نابینێتەوە و لە پشتیەوە هەڕەشەیەك دەبینم، كە ئەگەر نانم نەدەیتێ داوات لێناكەم بەڵكو بە زۆر لێت دەسێنم، ئەگەر ڕووناكیم لێ بكوژێنیتەوە، ئاگرت تێ بەردەدەم تا هەست بە ڕوناكی بكەم.

ئێمە لەبەردەم خەباتێكی ترداین، ئەوەی لە چەمچەماڵ دەركەوتەكانی خەریكە بەدەر دەكەوێت، ئەمەش هەمووی دەرئەنجامە، دەرئەنجامی نابووتبوونی كۆی دامەزراوەكانتە، بەرئەنجامی شكستی بیست و پێنچ ساڵ حوكمڕانیە. 

ئەم دەركەوتەیە لە خەبات ئەگەر زوو فریای نەكەوین، زۆر شت لەگەڵ خۆیدا دەسوتێنێت. ئەگەر بەری پێنەگیرێت، بەر لەهەرشت ئەوەی شتێكی هەیە زەرەی گەورە دەكات.

گەڕانەوە بۆ سەردەمی خولە پیزە بەتەواوی ئاسۆكانی دەركەوتووە.


AM:10:21:05/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 6011 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی