بەر لە ئاگرەكەی قەرەچوغ بگرن
کەنعان بەهادين
لە حاڵی ئێستادا سیستەمی سیاسی عێراق بەرەو شێوازێكی دیكەی ناجێگیری هەنگاو دەنێ ، ئەویش دوای دەستبەكار بوونی مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیران و پەرتەوازە بوونی زیاتری ئەو وڵاتە بەرەو ئاقار و تونێڵی مەترسیدار..
ئەوەی لەم قۆناغەدا پێشبینی دەكرێت ، دەركەوتنی شێوازێكی دیكەی خۆپارێزی خەڵك لە رێگەی خێڵ و تیرەكانەوە ، ئەوانیش خەریكی خۆ كۆكردنەوەی خۆیانن و چەكیان هەڵگرتووە ..
وێڕای ئەمە ، تایفەكان و ئاینزاكانیش لەم دۆخە ناهەموارەی عێراق خەریكی خۆ چەكدار كردنن ، چونكە تا ئەمڕۆ حكومەتێكی بەهێز بوونی نەبووە تا بەرگری لە خەڵكی عێراق بكات ..
دەركەوتنی داعشیش ، دوبارە وا لە خەڵكی عێراق دەكات پشت بە سوپای ووڵات نەبەستن ، چونكە لە رابوردودا ئەو سوپا و پێكهاتە سەربازیانەی كە بەغدا تەشكیلی كردوون ، نەبوونەتە چەترێك بۆ تەواوی پێكهاتەكان ، بۆیە ئەو شێوازەی كە ئەمڕۆ خەڵكی عێراق دەیگرنە بەر ، رەوشێكی مەترسیدار دروست دەكات كە دیاردەی چەكداری لەنێو كۆمەڵگەی عێراقی بەربڵاوتر دەكات و هەروەها هەڕەشەشە بۆ دروست بوونەوەی جەنگێكی گەورەی ناوخۆیی و داعشیش فوو لەو ئاگرە دەكات..
بۆ كورد زۆر گرنگە كە لەم قۆناغەشدا یەكگرتوو بێت و یەك سیاسیات و یەك ئاڕاستە بگرنە بەر ، بەتایبەت بۆ پاراستنی سنورەكانی هەرێم لەگەڵ داعش ، چونكە بە پێی لێكۆڵینەوەكان ئەگەری ئەوە هەیە داعش بە شێوازی دیكە دەر بكەوێتەوە و هێرش بكات ، ئاگرەكەی چیای قەرەچووغیش باشترین زەنگی ئاگادار كردنەوەیە..
پێویستە ناكۆكیە ناوەخۆییەكان بەلاوە بنێین ، سەركردایەتی سیاسی كورد دەبێت حەكیمانە لەو دۆخە بڕوانێ ، بواری ئەوە نەماوە كە لەم زەرفە مەترسیدارە لەسەر پرسی لابەلا ناكۆك بین..
PM:02:25:13/05/2020
ئهم بابهته 2252
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی