‌ئه‌وانه‌ى خاك ده‌فرۆشن له‌ گۆڕیش گه‌رم نابنه‌وه‌
AM:08:43:08/06/2019
کەنعان بەهادين

نووسه‌ری فه‌ڵه‌ستینى بیلال فوڕانى له‌ گوته‌یه‌كیدا ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ى نیشتیمان ده‌فرۆشن ، كاتێ ده‌شمرن خۆڵى نێو گۆڕیان نه‌رم و نیان نابێت بۆیان، چونكه‌ هه‌ست به‌ له‌رز و سه‌رما ده‌كه‌ن هه‌تا كه‌ مردووشن....

هیتله‌ریش ده‌بێژێت : نه‌متوانى ئیسپانیا داگیر بكه‌م، چونكه‌ زۆر هه‌وڵمدا جاشێك و خۆفرۆشێك بدۆزمه‌وه‌ ، به‌ڵام ده‌ستم نه‌كه‌وت ...

من مه‌به‌ستم له‌و نووسینه‌مدا ئه‌وه‌یه‌، له‌حاڵى ئێستادا هه‌ندێ كه‌س له‌نێو كورددا په‌یدا بوونه‌ و بێ شه‌رمانه‌ ده‌بێژن كه‌ ئاساییه‌ ئێمه‌ عێراقی بین، وه‌ك چۆن له‌ باكور تورك بن و له‌ رۆژهه‌ڵاتیش ئێرانى بن و له‌ رۆژئاواش سوریایی بن !!

پرسیاری قوڕس ئالێردا سه‌رهه‌ڵده‌دات ، ئایا ئه‌و هه‌موو شۆڕشانه‌ى كورد كه‌ له‌ 100ساڵى رابوردوو ئه‌نجامدرا بۆ مه‌عاش و بودجه‌ بوو؟ یان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پاره‌ى گه‌نمى جووتیاران بوو ، یاخود بۆ ئه‌وه‌ بوو دڵمان به‌وه‌ خۆش بێ كه‌ ژماره‌ى گه‌شتیارانى عه‌ره‌ب له‌ كوردستان زیاد بكات و فه‌رمانبه‌ری كوردستانیش پێنج فلسی له‌ گیرفان نه‌بێت كه‌ بتوانێ بچێت چه‌ند شه‌وێك له‌و هاوینه‌هه‌وارانه‌ كاتى خۆش بگوزه‌رێنێ ...!!

كاتێ كورد باسی شه‌راكه‌تى سیاسی ده‌كات له‌ به‌غدا ، بۆ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ چه‌ند پۆست و ئیمتیازێك (بچووك بێ یان سیادى) به‌ده‌ست بێنێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ شه‌ریكى به‌غدا ده‌بن كه‌ شه‌ڕى جێگیركردنى بنه‌ماكانى ده‌وڵه‌تى كوردستان بكه‌ن، كاتێك له‌ 2011 تا 2013 زۆر به‌هێز بووین و عه‌ره‌بێك نه‌یده‌توانى فزه‌ به‌رامبه‌ر كوردێك بكات، تا ئه‌و ئاسته‌ى كورد هه‌وڵى دا عه‌ره‌ب به‌ ڤیزا داخڵى كوردستان بێت ...

به‌ڵام به‌هێز بوونى كوردستان بووه‌ مایه‌ى مه‌ترسی سوودمه‌ندانى سایكس بیكۆ ، ئه‌و ووڵاته‌ زلهێزانه‌ كه‌وتنه‌ پیلان دانان و  سه‌ره‌تا داعش سه‌ریهه‌ڵدا و كه‌وتنه‌ په‌لاماردانى زۆربه‌ى ناوچه‌ كوردییه‌كان و زێتر له‌ 2500 پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون و به‌هه‌زارانى دیكه‌ زامدار و كه‌م ئه‌ندام بوون ..

بێجگه‌ له‌وه‌ى چه‌ند كوردێكى خاك فرۆش پێشنیاری بوودجه‌ و مووچه‌ بڕینیان دایه‌ به‌غدا ، كورد سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانى لاواز بوو، وێڕاى چڕ بوونى هێرشه‌كانى داعش و دروست كردنى مه‌ترسی بۆ سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان ..

كورد به‌ قیاده‌ى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى بڕیاری ریفراندۆمی دا، ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌سه‌ر كه‌وتوویی به‌رێوه‌ چوو ، تێكڕاى كورد به‌ رێژه‌ى %93  ده‌نگى بۆ به‌ڵێ بوو كه‌ له‌ به‌غدا جیا ببنه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ گه‌له‌كۆمه‌ى دووژمنان چڕتر بۆوه‌ و ده‌ستیان كرد به‌ پیلانگێری گه‌وره‌تر...

16 ئۆكتۆبه‌ر ، سه‌رتۆپكى پیلانه‌ نه‌گریسه‌كان بوو ، كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ناو كورد بوونه‌ ده‌ستكێشى پیلانگێری بۆ دووژمنان ، دیسانه‌وه‌ به‌پێش هه‌مه‌ڕ و پاجه‌ڕى دووژمنان كه‌وتن و به‌ناوى یه‌كپارچه‌یی خاكى عێراق ویستیان قه‌واره‌ى هه‌رێم له‌ناو ببه‌ن..

ئه‌مانه‌ رووداوى مه‌زنن، كه‌س له‌بیری ناكات و مێژوو هه‌مووى تۆمار كرد ، گرنگ لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌باتى چه‌كداری و سیاسی كورد بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ مووچه‌  له‌به‌غداوه‌ بگاته‌ كوردستان ، یاخود به‌غدا به‌ منه‌ته‌وه‌ پاره‌ى گه‌نمى جووتیاران زه‌فت بكات و كه‌سیش جورئه‌ت نه‌كات باسی بكات، ئیختیاره‌ك و ریش سپیه‌ك بچێته‌ مه‌حكه‌مه‌كانى ره‌سافه‌ و داوا تۆمار بكات..

كوردایه‌تى واته‌ شۆرشه‌كانى شێخ عه‌بدولسه‌لامى بارزانى و شێخ مه‌حموود و بارزانى نه‌مر و شۆرشی ئه‌یلوول و زۆرێك به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى دیكه‌ی وه‌كو دامه‌زراندنى كۆماری كوردستان  و له‌ سێداره‌دانى سه‌رۆك قازى موحه‌مه‌د و ئه‌نفال و كیمیاباران و رووخاندنى گووند و دێهاته‌كان...

هه‌روه‌ك چۆن جووه‌كان له‌ پێشوودا بێ ده‌وڵه‌ت بوون و په‌رته‌وازه‌ى دونیا بوون ، پاش ئه‌وه‌ى كه‌ بوونه‌ خاوه‌نى ووڵاتى خۆیان هه‌موویان گه‌رانه‌وه‌ ئیسرائیل و ئێستا به‌هێزترین ده‌وڵه‌تى ناوچه‌كه‌یه‌..

ئه‌و هه‌موو ئاواره‌ كورده‌ى دوونیا كه‌ پتر له‌ پانزده‌ ملیۆن كورد ئاواره‌ى دوونیان و ته‌نها پێنج ملیۆن كورد له‌ ئه‌ڵمانیا ئاواره‌ن، رۆژێك دێت كه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ خاكى خۆیان، ئه‌وه‌ى ئێستا خاك ده‌فرۆشێ و دووژمن په‌رسته‌، له‌ژیان به‌ر له‌عنه‌تى خه‌ڵك ده‌كه‌وێ و له‌گۆِریش هه‌روه‌ك فۆڕانى گووته‌نى قه‌ت گه‌رم نابێته‌وه‌....



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.