نرخی بیتکۆین گەیشتە سەروو 60 هەزار دۆلار


وێستگه‌ نیوز-
بیتکۆین جۆرێکی دراوی دیجیتاڵییە کە بەردەوام نرخی لە گۆڕانکاریدایە. دوای دوو هەفتە لە دابەزینی نرخەکەی، ئەمڕۆ بەهای یەک بیتکۆین بە 61 هەزار و 222  دۆلارە. 
 
لە سەرەتای ئەمساڵ نرخی بیتکۆین نزیکەی 27 هەزار دۆلار بوو، لەو کاتەوە بەڕێژەی 116٪ نرخەکەی زیادیکردووە. بەشێک لە ئابووریناسان پێیانوایە کە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ پەسندکردنی یاسای هاندانی 1.9 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکایە.
 
لەبارەی دابەزینی نرخی بیتکۆین لە دوو هەفتەی رابردوودا، جەستین ئانێسان، بەڕێوەبەری فرۆشیاری کۆمپانیای دیجینێکس لە هۆنگ کۆنگ دەڵێت: "سەرمایەدارەکان روویان لە کڕینی پشکی کۆمپانیاکان و جۆرەکانی دیکەی دراوی دیجیتاڵی کرد بوو، بۆیە نرخی بیتکۆین لە ئاسی 50 هەزار دۆلار مابووەوە".
 
ئەمساڵ نرخی بیتکۆین بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن بەشێک لە کۆمپانیاکانەوە وەکو دراوێکی دانپێدانراو مامەڵەی پێوەکرا.
 
ساتوشی ناکامۆتۆ لە ساڵی 2008 یەکەم دراوی دیجیتاڵی دروستکرد بە ناوی بیتکۆین، بەڵام کەس تاوەکو ئێستا نازانێت ساتوشی کێیە، تەنانەت دیار نییە کە یەک کەسە یان ناوی گرووپێکە. لە سەرەتای دروستکردنی دراوەکە، 10 هەزار بیتکۆین بە هەشت دۆلار بوو. بەڵام لە کاتی نووسینی ئەم راپۆرتە ئەو 10 هەزار بیتکۆینە دەکاتە نزیکەی 326 ملیۆن دۆلار.
 
بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد، ئەوەش وایکرد خەڵکی زیاتر روو لە کڕینی ئەو دراوانە بکەن و خواستی زیاتریان لەسەر دروست بێت، چونکە هەر کاڵایەک خواستی زیاتری لەسەر بێت نرخی بەرزدەبێتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش چەندین کەس هەن کە دەستیانکردووە بە کڕین و بازرگانی کردن بەو دراوانە.
 
بیتکۆین چۆن دروستدەکرێت؟
 
دروستکردنی دراوێک کە بەرجەستە نەبێت و تەنیا کۆد و زانیاریی ئەلیکترۆنی بێت، پێویستی بەوە هەیە کە سیستەمێکی ئاسایشی بەهێزی هەبێت. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی بیتکۆین ئەوەی کە تاوەکو ئێستا کەس نەتوانیوە سیستەمەکە هاک بکات. زانیارییەکانی بیتکۆین لەسەر کۆمەڵێک بلۆک هەڵدەگیرێن کە پێیان دەگوترێت "بلۆکچەین" واتە زنجیرەیەکی بلۆکی.
 
هەر بلۆکێک کۆمەڵێک زانیاری لەسەر هەڵدەگیرێت کە بریتین لە: 
 
1. هاش: پێکهاتووە لە 64 ژمارە، وەکو پەنجەمۆری بلۆکە، هاشی هیچ بلۆکێکی لە یەکێکی دیکە ناچێت.
 
2. هاشی پێشوو: ئەم بەشە بۆ بەستنەوەی بلۆکەکانە بەیەکدی، واتە هەر بلۆکێک جگە لە هاشەکەی خۆی، هاشی بلۆکەکەی پێش خۆی هەڵدەگرێت، لەبەر ئەوە هەر کەسێک بیەوێت بلۆکەکە بکات بە هی خۆی دەبێت هەموو زنجیرەکان بگۆڕێت کە ئەوەش کارێکی ئەستەمە.
 
3. ناوی خاوەنی بلۆکەکە و خاوەنەکانی پێشتر.

 جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

لە ساڵانی سەرەتای دروستکردنی بیتکۆین بەشداربووان دەیانتوانی لەڕێگەی کۆمپیوتەرێکی سادەوە بلۆک دروستبکەن، بەڵام ئێستا ژمارەی هاشەکان هێندە ئاڵۆز بوون کە دەبێت بە ئامێرێکی تایبەت پرۆسەی ماینینگ بکرێت. ماینینگ پرۆسەیەکە بۆ دروستکردنی بلۆکچەین بەبێ ئەوەی پێویست بکات راستەوخۆ بکڕدرێت، ئێستا ژمارەیەکی زۆر ئامێری ماینینگ لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە کە تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی لەو بارەیەوە لە بەردەست نییە. 
 
هەر ئامێرێک بتوانێت خێراتر بگاتە ژمارەی هاشێکی دیاریکراو، ئەوا بلۆکچەینەکە بۆ ئەو ئامێرە دەبێت. پاشان زانیارییەکە دەگوازرێتەوە بۆ هەموو ئەو کۆمپیتەرانەی کە ماینینگ دەکەن، بەو شێوەیەش ئاسایشی بلۆکچەینەکە پارێزراو دەبێت.


AM:10:28:12/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 4116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو