کاندیدێک لە نێو تابوتی مەرگەوە بانگەشەی دەستپێکرد

‌دیمەنێک لە بانگەشەی کارلۆس مایۆرگای

وێستگە نیوز-

دیمەنێکی سەیروسەمەرەترین بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان تۆمارکرا، یەکێک لەو کەسانەی بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی پەرلەمانی مەکسیک خۆی بەربژێر کردووە، ریکلام و پەیامەکانی لەنێو تابوتی مەرگەوە بەخەڵکی دەناسێنێت.


بە گوێرەی هەواڵی ئیندپێدنت عەرەبی، بەشێکی زۆر لە میدیاکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی ئەو وێنانەیان بڵاوکردوەتەوە و هەریەکێک بەشێوەیەکی جۆراوجۆر بۆچونی خۆیان لەسەر نوسیوە، لە سادەترین خوێندنەوەدا بانگەشەکردن لەڕێگەی تابوتەکانەوە پەیامێکە دەگەیەندرێت بەگوێی سیاسییەکانی مەکسیکدا کە ئەو خەڵکەی دەمرێت بەهۆی کەمتەرخەمیەکانی ئەوانەوەیە لەو وڵاتەدا.

کارلۆس مایۆرگای یەکێک لە بەربژێرەکانی پەرلەمانی مەکسیک بۆ میدیایەکی وڵاتەکەی کە وتویەتی، "من بەو جۆرە لەنێو تابوتەوە بانگەشە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکەم، دەمەوێت بە سیاسییەکان بڵێم کە بەهۆی کەموکوڕیەکانتانەوە خەڵکانێکی زۆر دەمرن و کۆتایی بەژیان و گوزەرانیان دەهێنن".

لەلایەکی دیکەوە ئەو بەربژێرەی پەرلەمانی مەکسیک دڵتەنگی خۆی دەربڕیوە لە ئاست بێدەنگی سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی، بەرانبەر هەمو ئەو تاوانانەی بەشێوەی رێکخراو ئەنجام دەدرێت کە بەهۆیەوە کۆمەڵێک لە خەڵکی هەژار و بێدەسەڵات دەمرن و زیانیان پێدەگات.

لە بەشێک دیکەی دەردەدڵەکانیدا کارلۆس مایۆرگای بەربژێر باسی لەوەشکردوە کە دەسەڵاتدار و سیاسییەکانی وڵاتەکەی لەئاست ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی کۆرۆناش کەمتەرخەمن و بەو هۆیەوە خەڵکانێکی زۆر دەمرن.

هەروەها، مایۆرگا نەخشی تابوتەکەی بە هێڵی ئاڵتونی ڕازاندوەتەوە وەک پەیامێک بۆ ژیان و سامان و ماڵی بەرپرسەکانی وڵاتەکەی کە لەوپەڕیدایە و خەڵکیش بەهۆی نەداری و هەژارییەوە دەناڵێنن.

بەگوێرەی ئامارێکی ڕەسمی لەو وڵاتە، لە ساڵی 2006ەوە تائێستا زیاتر لە 300 هەزار کەس بەهۆی تاوانکارییەکانی کردەوە چەتەگەراییەکانەوە لە کوژراون.

کارلۆس مایۆرگا بەربژێری حزبی (ئەنکویترۆ سۆلیداریۆ)یە و دەیەوێت لەڕێگەی کۆکردنەوەی دەنگەکانییەوە کورسییەکی پەرلەمانی مەکسیک بۆ خۆی قۆرخ بکات، بەئامانجی ڕێگریکردن لە هەمو ئەو کوشتوبڕەی رۆژانە لەو وڵاتەدا ڕودەدات.



PM:02:12:09/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 6320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو