سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی لەسەر هێرشكردنی سەر ماڵی فازیڵ بەشارەتی هاتە دەنگ

‌فازیڵ بەشارەتی

وێستگە نیوز-
ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەپارێزگای سلێمانی- هەڵەبجە داوا لەدام و دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای هەڵەبجە دەكات بكەرانی هێرشكردنە سەر ماڵی فازیڵ بەشارەتی، سەركردەی حیزبەكەیان بدۆزنەوە و رادەستی یاسای بكەن. 

وێستگە نیوز لە تێلێگرام جۆین بكە

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەپارێزگای سلێمانی- هەڵەبجە لەڕوونكردنەوەیەكدا سەبارەت بەهێرشكردنە سەر ماڵی فازیڵ بەشارەتی، بەرپرسی پێشووی لقی 12ی هەڵەبجەی ئەو حیزبە لەپارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندووە، لەكاتێكدا ئیدانەی ئەو كارە یاسا شكێنی و تێكدەرانە دەكەن، داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەكان دەكەن ئەو تاوانبارانە دەستگیر بكات، چونكە بەردەوامبوونی ئەم جۆرە كارانە جگە لەوەی خەڵك باوەڕی بە دامەزراوەكان نامێنێت، لەهەمانكاتدا دەبێتە هۆی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی.

سەركردایەتی پارتی ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە پێمانوایە ناوچەكە بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێ ئەم جۆرە كارانە زیاتر ڕیزەكانی كورد دەترازێنێ و لەبری ئەوەی خۆمان بۆ گۆڕانكارییەكان ئامادە بكەین زیاتر سەرقاڵمان دەكات بە گیروگرفتی ناوخۆییەوە".

شەوی رابردوو بەنارنجۆك هێرشكرایە سەر ماڵی فازیڵ بەشارەتی، ئەمڕۆش ناوبراو بە وێستگە نیوزی راگەیاندبوو "بەهۆی نارنجۆكەكەوە زیان بە ئۆتۆمبێل و شووشەی پەنجەرەی ماڵە دراوسێكەیان گەیشتووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، بكەرانی ئەو كارە لەڕێگەی بەكارهێنانی ماتۆڕسكیلێك ویستوویانە نارنجۆكەكە فڕێبدەنە ماڵەكەمەوە، بەڵام بەهۆی پەلەپەل و شڵەژانیان نارنجۆكەكە كەوتووەتە ماڵێكی دراوسێ، لەوكاتەشدا من لە ماڵەوە نەبووم".


PM:04:51:08/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 3000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو