فراکسیۆنی ئایندە: داوا دەكەین بڕیاری رێگری کردن لە کازم فاروق هەڵبوەشێتەوە


وێستگە نیوز
فراكسیۆنی ئایندە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئیدانەی رێگری لە کازم فاروق دەكەن لە بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، داواش لە رای گشتی کوردستانی و ھێز و ناوەندەکانی ئۆپۆزسیۆن دەكەن ئەو جوڵە ترسناکەی پەرلەمانی کوردستان رەتبکەنەوە و فشار بخەنە سەر پەرلەمانی کوردستان کە ئەو بڕیارە ھەڵبوەشێنێتەوە.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی فراكسیۆنی ئاینده‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا هاتووه‌: "ئێمە لە فراکسیۆنی ئایندە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە توندی ئیدانەی رێگری لە بەشداری کازم فاروق دەکەین لە بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، داوا لە رایگشتی کوردستانی و ھێز و ناوەندەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکەین ئەو جوڵە ترسناکەی پەڕلەمانی کوردستان رەتبکەنەوە و فشار بخەنە سەر پەڕلەمانی کوردستان کە ئەو بڕیارە ھەڵبوەشێنێتەوە".

ده‌شڵێت: "بە دڵنیاییەوە ئەو رێگرییە ھەنگاوێکیتری دەسەڵاتە بۆ ئیفلیجکردن و شکاندنی شکۆی پەرلەمانی کوردستان و رەنگدانەوەی سیاسەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانە بۆ پەکخستن و پەراوێزخستنی دامەزراوە فەرمی و نشتیمانییەکانی ھەرێمی کوردستان".

ده‌شڵێت: "پەرلەمانی کوردستان نەك ھەر نابێت بکرێتە شوێنی پایەماڵکردنی بنەمای پێکەوە ژیانی سیاسی، بەڵکو دەبێت سەرچاوە و پاسەوانی پاراستنی ھێز و گروپە جیاوازە سیاسی و ئاینی کۆمەڵایەتیەکان بێت.

کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان ئه‌مڕۆ دوای رێگری لێكردنی له‌ به‌شداری كردن له‌ دانیشتنی په‌رله‌مان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "ئێمە لەپەرلەمانی کوردستان باسی دزی، بێکاری، نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانمان کردوە و ئەو شتانەیان پێ هەزم ناکرێت، بۆیە دەبێت خەڵك پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە بکات بۆ ئەوەی بەدەنگێکی دلێرانەتر بتوانین پشتیوانی داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "من داوای لێبوردن ناکەم چونکە ئێمە بەدەنگی حەق هاتووین و نوێنەری سەرجەم چین و توێژەکان دەکەین، ئایا دەبێت پارتی و یەکێتی کەسەرۆکایەتی پەرلەمان بەڕێوەدەبەن بەقسەی ئەوان بکەین کە ئۆپۆزسیۆن بێتەژورەوە یان نا، باشتروایە لەجێگەی رێگریکردن لەئێمە بچن قاچاخچێتی خاڵە سنورییەکان رابگرن".

31ی ئازاری ئەمساڵ کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ پێڵاوەکانی گرتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و لەبەرامبەریشدا سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان، بڕیاریدا تا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوای لێبوردن نەکات، رێگەی پێنادرێت بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات.


PM:07:18:07/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 2216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو