بەشیر حەداد: پەرلەمان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی ئەرکی خۆی بەجێهێنا

‌بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

وێستگەنیوز-

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی پەرلەمان بڕیاریدا ئەگەر لە 10 تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەچو، لە 7ی تشرینی یەکەم پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و بەوەش ئەنجومەنی نوێنەران ئەرکەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و سەرخستنی پرۆسەی سیاسی بۆ قۆناغی داهاتوو جێبەجێکردوە.

بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر نوسیویەتی "بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ خۆهەڵوەشانەوەی لە ڕۆژی 7-10-2021 زەمینە خۆش دەکات و کەش و هەوای گونجاو ئامادە دەکات بە ئاراستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە 10-10-2021 دا کە گرنگترین داواکاری جەماوەری بووە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەم شێوەیە ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەی لەسەری پێویست بوو جێبەجێیکردوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و سەرخستنی پرۆسەی سیاسی بۆ قۆناغی داهاتوو".

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێک بوو لەداواکارییەکانی شەقام و خۆپیشاندانەکان، لەو پێناوەشدا پەرلەمان یاسای هەڵبژاردن، بودجەی هەڵبژاردن، دادگای فیدڕاڵی و لەدوا هەنگاویشدا خۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی پەسەندکردوە.


PM:03:24:02/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 3028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت