یه‌كه‌م لێدوانی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم له‌سه‌ر لابردنی لێبڕینی مووچه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی دارایی حکومەتی‌ هەرێم لابردنی‌ لێبڕینی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران لەیەکەم مانگی‌ ناردنی‌ بەشە بودجەی‌ هەرێم لەلایەن بەغداوە بەدوور دەزانێت، بەپاساوی‌ ئەوەی‌ پێویستی‌ هەرێم لەو پارەیە زیاترە.  

پەروین نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان به‌ ماڵپه‌ری ناس كورد-ی  راگەیاند: "لە یەکەم مانگی ناردنی پشکی هەرێم ئاسان نییە لێبڕینی مووچە نەمێنێت، چونکە هەرێم دەبێت داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو 50% داهاتی ناوخۆ رادەست بکات، بەوەش ئاسان نییە لە یەکەم مانگەوە لێبڕینی مووچە لاببرێت".  

وتیشی‌: "ئەو ژمارانەی دەوترێت کە گوایە هەرێم رەوانەی دەکات دروست نییە، چونکە هەرێم پابەندکراوە بە ناردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەپێی نرخی سۆمۆ کە ئەویش گۆڕانکاری تیادا دەبێت".  

پەروین نوری‌ روونیکردەوە، نرخی نەوت لە رێژەیەکی دیاریکراو نییە تا بزانرێت داهاتەکە چەندە کە هەرێم رادەستی دەکات، جگە لەوەش ئەو داهاتەی حکومەتی بەغدا رەوانەی هەرێمی دەکات، نازانرێت مانگانە چەندە.  

رۆژی‌ چوارشەممە 31 ی‌ ئازاری‌ 2021 پەرلەمانی‌ عیراق پڕۆژەی‌ بودجەی‌ عێراقی‌ پەسەندکرد، کە پشکی‌ هەرێم تیایدا نزیکەی‌ 12 ترلیۆن دینارە.    

ئەحمەد سەفار بڕیاردەری‌ لیژنەی‌ دارایی پەرلەمانی‌ عیراق رایگەیاند، تێکڕای‌ پشکی‌ هەرێمی‌ کوردستان نزیکەی‌ 12 ترلیۆن دینارە، ئەگەر پشکی‌ خۆی‌ وەرگرێت لەگەڵ داهاتی‌ ناوخۆیی‌ ئەوا هەرێم دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ بدات.      

وتیشی‌: "لە 1ی‌ 1ی‌ 2021ەوە پرۆژە یاسای‌ بودجە دەچێتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە و دەبێت لەو بەروارەوە جێبەجێ بکرێت و پشکی‌ هەرێم بنێردرێت، هەروەها حکومەت پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی‌ پرۆژە یاسای‌ بودجە چونکە دەبێتە یاسا".      



PM:01:25:01/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 51336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت