ئەمریکا پاداشتی هەرکەسێك دەکات شوێنپێی سالم جەمیل عەیاش ئاشکرابکات

‌سالم جەمیل عەیاش

وێستگە نیوز-

ئەمەریکا بڕی 10ملیۆن دۆلار وەک پاداشت تەرخان دەکات بۆ هەر کەسێک زانیاری دروست بدات بۆ ڕێگەگرتن لە سالم جەمیل عەیاش لەوەی بتوانێت هێرش بکاتە سەر هاوڵاتیانی ئەمەریکایی و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سالم جەمیل عەیاش، ئەندامی حزبوڵای لوبنانە و ساڵی پار بە کوشتنی ڕەفیق ئەلحەریری، سەرەک وەزیری پێشووتری لوبنان گوناهبارکراوە.

عەیاش، ئەندامێکی باڵای یەکەی 121ی حزبوڵایە و ئەم یەکەیە تایبەتە بە کوشتن و پاکتاوکردنی جەستەیی، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە "ڕاستەوخۆ ڕێنومایی لە حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵاوە وەردەگرێت."

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، عەیاش بە تێوەگلان ناسراوە لەو هەوڵانەی پێشتر دراون بۆ زیانلێدان لە هێزە سەربازیەکانی ئەمەریکا.

دادگای نێونەتەوەیی تایبەت بە دۆسێی لوبنان، 5 سزای زیندانیکردنی هەتا هەتایی سەپاندوە بەسەر عەیاشدا (بەبێ ئامادەبوونی لە دادگادا) لەسەر ئەو تاوانانەی پەیوەندییان هەیە بە تەقاندنەوەی بارهەڵگرێکی بە مین چێنراو لە ساڵی 2005دا کە بووە مایەی کوژرانی ڕەفیق ئەلحەریری و 21 کەسی تر لە بەیروت پایتەختی لوبنان.

دادگا دەڵێت سالم جەمیل عەیاش بەرپرسی ئەو دەستەیە بووە کە هێرشەکەیان کردووە.

لەگەڵ ئەو سزایانەشدا، دادگای نێونەتەوەیی بنکە لە لاهای، فرمانی دەستگیرکردنی ئەو ئەندامەی حزبوڵاشی داوە لەسەر ئاستی نێوەنەتەوەیی و دادپارێزی گشتی دادگای لاهای داوای لە ئینتەرپۆل کردووە تا کارتی سور بداتە وڵاتانی ئەندام بۆ دەستگیرکردنی عەیاش.

دادگا 3 ئەندامی تری حزبوڵای بە بێتاوان ناساندووە لە هەموو ئەو گوناهبارکردنانەی ڕووبەڕوویان کرابوونەوە سەبارەت بەوەی دەستیان هەبووە لە کوشتنی حەریریدا.

کوژرانی ڕەفیق ئەلحەریری تەواوی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی ڕاچڵەکاند.


PM:06:12:30/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 3712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو