پاپا: عیراق گرنگی و بایەخی زۆری هه‌یه‌ چەندین جار نوێژمان بۆ کردوە

‌پاپا لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان لە کۆشکی سەرۆکایەتی عیراق وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا باسی لە گرنگی یەکبون و پشتگوێخستنی جیاوازییەکان کرد و رایگه‌یاند، عیراق گرنگی و بایەخی زۆری کولتوری و ئاینی هه‌یه‌ چەندین جار نوێژمان بۆ کردوە.



دوای پێشوازیکردنی لەلایەن سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی عیراق، پاپا فرانسیس لەکۆشکی سەرۆکایەتی وتارێکی پێشکەشکرد و جەختی لەسەر پاراستنی برایەتی و یەکڕیزی گەلانی عیراق کردەوە و رایگەیاند، پێویستە جیاوازییەکان بکەنە سەرچاوەی تێگەیشتن لەیەکتری و گەشەکردنی کۆمەڵگا.

پاپای ڤاتیکان وتیشی: "چەندین جار نوێژمان بۆ عێراق کردوە، ئەم وڵاتە گرنگی و بایەخی زۆری کولتوری و ئاینی هەیە و ئەمڕۆش من وەک نوێژخوێنێک هاتووم بۆ عیراق".

راشیگەیاند، پێویستە گوێ لەهاوڵاتیان بگیرێت و جیاوازییەکانی یەکتری قبوڵبکەین، پێویستە بەرژەوەندییە تایبەتەکان بخەینە لاوە، وتیشی: "بەسە توندوتیژی و یەکتر کوشتن".

پاپا دڵخۆشی خۆی راگەیاند، بەوەی کە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا عیراق کاری باشی بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی کردوە و پێویستە هەمو لایەک هاوکاربن لەپێناوی هەڵگرتنی هەنگاوی گەورەتر لەو روەوە.

وتیشی: "سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەم کە وەبەرهێنان لە عیراقدا دەکەن، هاوکاری ئاوارە و خەڵکی عیراق دەکەن و هەوڵی گەڕاندنەوەیان دەدەن بۆ ناو ماڵەکانیان".

ئاماژه‌شی به‌وه‌دا: "چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی بەتایبەتیش رێکخراوی کاسۆلیکی هاوکاربون لەیارمەتیدانی گەلانی عیراق".

داواشی کرد ئەو وڵاتانەی دەستی هاوکارییان درێژکردوە بۆ عیراق دەبێت ئەو هاوکارییانەیان نەکشێنەوە.

پاپا ئه‌وه‌شی زیاد كرد، نابێت ئاین و خودا پەرستی بۆ مەبەستی تایبەتی و سیاسی بەکاربهێنرێت، جەختیشیکردەوە کە کەنیسەکانی کاسۆلیکی لە عیراق و ناوچەکە هەمیشە دەستی هاوکاری و میانڕەوی و خزمەتکردن درێژدەکات.

لەکۆتایشدا دوعا و پاڕانەوەی بۆ سەرکردە و سیاسییەکانی عیراق کرد و سوپاسی کردن بۆ ئەو پێشوازییە و داوایکرد خوای گەورە عیراق سەرکەوتوبکات.

لای خۆیەوە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند: "عیراقییەکان شانازی بەوەدەکەن کە ئەوان بۆ چەندین سەدە لە شارە فرە رەنگەکانیاندا ژیاون، بۆیە دەبینین مسوڵمان و سابیئە و جولەکە بۆ چەندین سەدە پێکەوە ژیاون و برایانە لە یەک شار و یەک گەڕەکدا دەژین، هەروەها کڵێساکان دراوسێی مزگەوت و حوسێنییەکانن، تیایدا دەنگی زەنگ و هەروەها بانگەکان لە ئاسمانی عیراق یەکدەگرنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، عیراقییەکان شانازی بەوەوە دەکەن کە پارێزەری کڵێساکانن، چونکە پاش دەستدرێژییەکەی تیرۆرستان بۆ سەر کڵێسای "سەیدا نەجات" گەنجانی مسوڵمان هاوتای برایانیان لە گەنجانی مەسیحی دەیانزانی کە ئەری نیشتیمانی و مرۆیی پێویست دەکات لەسەریان بەرگری بکەن وەک ئەوەی چۆن بەرگری لە ماڵ و شوێنەکانی خۆیان دەکەن.


PM:04:49:05/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 2568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت