وەزارەتی بەرگریی تورکیا: کۆپتەرێکی سەربازیمان کەوتە خوارەوە و 9 سەرباز گیانیان لەدەستدا


وێستگه‌ نیوز-
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایده‌گه‌یه‌نێت، کاتژمێر 13:55 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی ئاداری 2021، کۆپتەرێکی سەربازییان لە بنکەیەکی سەربازی لە شاری چەولیگ لە باکووری کوردستان فڕیوە و بەنیازبووە لە بنکەی سەربازیی نزیک لە شارۆچکە توخ لە بەدلیس بنیشێتەوە، بەڵام کاتژمێر 14:25 خولەک پەیوەندییان لەگەڵ کۆپتەرەکە پچڕاوە و دواتر زانیارییان پێگەیشتووە کەوتووەتە خوارەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا باس لەوە کراوە، "کۆپتەرەکە لە جۆری کۆوگەر و سەر بە ھێزەکانی پیادە بووە. لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی کۆپتەرەکەمان، نۆ سەرباز گیانیان لەدەستدا و چوار سەربازی دیکەش برینداربوون".
 
ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی پەیوەندیی بە کۆپتەرەکەوە پچڕا، دەستبەجێ فڕۆکەیەکی سەربازی لە جۆری CN-235 و کۆپتەرێکی جەنگی دەستیانکردووە بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی کۆپتەرەکە و زانینی چارەنووسی سەرنشینەکانی.
 
بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەیی ھێزەکانی جەندرمە، دەرکەوتووە کۆپتەرەکە بەھۆی رووداوێکەوە لەنزیک چیای نەمروود کۆنترۆڵی لەدەستداوە و کەوتووەتە خوارەوە، بەھۆی تێکشکانیشیەوە نۆ سەرباز گیانیان لەدەستداوە و چوار سەربازیش برینداربوون.
 
ژمارەیەکی زۆر ئەمبوڵانس و تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیش بە خێرایی گوازراونەتەوە نەخۆشخانە.
 


PM:07:08:04/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 4764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت