پاپا لە سەردانی بۆ وڵاتان چۆن دەپارێزرێت؟


وێستگه‌ نیوز-
پاپا فرانسیس گەورەترین سەرکردەی کاسۆلیکەکانی جیهانە و زیاتر لە ملیارێک کەس لە جیهاندا پەیڕەوی لە رێنماییەکانی پاپا دەکەن، ئەویش لە بەرامبەردا بەردەوام سەردانی وڵاتەکان دەکات و پەیڕەوانی ئایینەکەی بەسەر دەکاتەوە.
 
پاراستنی کەسایەتییەکی بەناوبانگی وەکو پاپا فرانسیس، پێویستی بە هێزێکی تایبەتی راهێنراو هەیە، ئەوە جگە لەوەی لە گەشتەکانیدا هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە دەیپارێزن، بەڵام هێزە تایبەتەکەی هەر لەگەڵدا دەبێت، چونکە ئەوان باشتر دەزانن کە پاپا چۆن هەڵسوکەوت دەکات.
 
بڕیارە 5ى ئازارى 2021، پاپا فرانسیس سەردانی عێراق بکات و لە گەشتەکەیدا لەلایەن هێزی ئاڵتونیی عێراقییەوە پارێزگاری لێدەکرێت کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە راهێنانیان پێکراوە. ئەو هێزە پێشکەوتووترین چەکەکانی عێراق بەکاردەهێنن، لەکاتی پێویستیشدا لەگەڵ هێزی ئاسمانیی عێراق هاوئاهەنگی دەکەن و دەتوانن لە ئاسمانیشەوە چاودێریی دۆخەکە بکەن.
 
ئەو چەکانەی کە هێزی ئاڵتونی بەکاریدەهێنن لە جۆری M4A1 ناسراو بە ئێم 4 ، AK-47 ناسراو بە کڵاشینکۆف و M16A2 ناسراو بە ئێم 16، PKM و M249. دەمانچەکانیش گڵۆک، تاریق و چەند جۆرێکی دیکەن.

نیشانشکێنەکانی هێزی ئاڵتونی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکان لە دوورەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەن و چەند جۆرێک نیشانشکێنیان هەیە وەکو: M24، Mk 14، Steyr HS و HSRـن.
 
جگە لە هێزە عێراقییەکان، پاپا فرانسیس هێزێکی تایبەتی لەگەڵدایە کە بە بچووکترین سوپای جیهان ناسراوە و ژمارەیان لەنێوان 110 بۆ 125 کەسن. 
 
سوپای پاسەوانی سویسرا
 
سوپای سویسرا نزیکەی 500 ساڵ پێش ئێستا دامەزراوە و بەردەوام ئەرکی پاراستنی پاپا یەک لە دوای یەکەکانیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەندامانی سوپاکە تەمەنیان لەنێوان 19 بۆ 30 ساڵانە و باڵایان بەلای کەمەوە 174 سانتیمەترە، یەکێک لە داواکارییەکان بۆ دامەزراندن لەو سوپایە ئەوەیە کە دەبێت کەسەکە لە سوپای سویسرا خزمەتی کردبێت و رەفتارێکی پەسنکراو و باشی هەبێت، هەروەها دەبێت کەسەکە کریستیانێکی کاسۆلیک بێت و لەکاتی دامەزراندنی ژن و منداڵی نەبێت.
 
ئەگەرچی کاتێک سەیری جلوبەرگ و چەکەکانی دەستی سوپاکە دەکەیت هێزە مێژووییەکانت بە بیر دەهێنێتەوە کە رم و شمشێریان بەدەستەوەیە، ئەو رم و شمشێرانە بۆ جوانکاری نین و هەموو پاسەوانەکان راهێنان بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکانە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا راهێنان لەسەر چەکە پێشکەوتووەکانی وەکو Sig SG552 و M-16 و دەمانچەی Sig P220 دەکەن.

سوپای ڤاتیکان چوار ئەرکی سەرەکی هەیە کە بریتین لە: پاراستنی دەروازەکانی دەوڵەت-شاری ڤاتیکان، پاسەوانیکردنی پاپای ڤاتیکان لە گەشتەکانی دەرەوە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تایبەت بە ئاسایش و پرۆتۆکۆلی تەشریفاتی و پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پاپای نوێ.
 
جگە لەو سوپایە پۆلیسی وڵاتەکەش لە کاتی چوونە دەرەوەی پاپا ئاگاداری دۆخەکە دەبن و یارمەتی سوپای سویسرا دەدەن، بەڵام ئەوەی کە ئەرکی سوپاکە قورس دەکات، لاوازیی ئاستی پارێزراوی ئۆتۆمبێلەکانی پاپا فرانسیسە.
 
ئۆتۆمبێلەکانی پاپا فرانسیس
 
پاپا فرانسیس کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی هەیە و حەز دەکات لە نزیکەوە پەیڕەوانی ئایینەکەی ببینێت و دەستیان بگرێت، لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی باسی لەوە کردووە کە نایەوێت لەسەر ئۆتۆمبێلەکەی ژوورێکی دژەگوللـەی بە شووشە بۆ دروستبکەن، چونکە ئەو دەیەوێت لە نزیکەوە و بەبێ هیچ بەربەستێک هەست بە پەیڕەوانی بکات.
 
یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەی بەکاریدەهێنێت هیوندایە لە جۆری سانتافە کە رووکاری پێشەوە ئۆتۆمبێلەکە شووشەیەکی دژەگوللـەی هەیە، بەڵام لە لاکانەوە کراوەیە و پاپا دەتوانێت لەو شوێنەوە قسە لەگەڵ خەڵک بکات و گوێیان لێبگرێت.
 
یەکێکی دیکە لە ئۆتۆمبێلەکانی پاپا فرانسیس لە جۆری جیپنییە کە وەکو پاسە، پاپا ئەو ئۆتۆمبێلەی لە گەشتێکی بۆ فیلیپین بەکارهێنا، چونکە جیپنی لەو وڵاتە زۆر بەکاردەهێنرێت و پاپا دەیویست لەو رێگەیەوە زیاتر هەستی نزیکبوونەوە لە خەڵکی فیلیپین دروستبکات.
 
کەسێکی نزیک لە پاپا فرانسیس دەیگێڕێتەوە کە جارێکیان پێی وتووە، "ئۆتۆمبێل بۆ زۆر کار پێویستە، بەڵام تکایە ئۆتۆمبێلێکی سادەم بۆ هەڵبژێرن". ئەو ئۆتۆمبێلەی پاپا لەنێو ڤاتیکان بەکاریدەهێنێت رینۆیەکی مۆدێل 1984ـە و زۆرجار خۆی لێدەخوڕێت.
لە ساڵی 2013 پاپا فرانسیس گەشتێک بۆ بەڕازیل دەکات و لە فڕۆکەخانە لەلایەن دیلما رۆوسێف، سەرۆکی ئەو کاتی بەڕازیل پێشوازی لێدەکرێت. لەکاتی رۆشتنیان بۆ کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە، جامی ئۆتۆمبێلەکە دەکاتەوە، هەرچەندە پاسەوانەکانی هۆشداری پێدەدەن لەو بارەوە، بەڵام پاپا دەڵێت: "من هەمیشە جامی ئۆتۆمبێل دەکەمەوە، بۆ ئەوەی بتوانم دەستم ببەمە دەرەوە و سڵاو لە خەڵک بکەم".
 
هەروەها بە ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە لە خەڵک نزیک بێت، سەرەڕای ئەوەی کە دەزانێت کارێکی مەترسیدارە دەڵێت: "یان بە هەموو ویستەکەت دەگەیت یان هیچ، ئامانجی گەشتەکان ئەوەیە لە خەڵک نزیک بم... ژیان بە دەست خودایە و هەمیشە بە خودا دەڵێم: 'تۆ من دەپارێزیت' ".
 
جگە لەو ئۆتۆمبێلانە پاپا چەند جۆرێکی دیکەی ئۆتۆمبێلی هەیە وەکو 2015 Isuzu D-Max و 2015 Kia Sedona و 2015 Fiat 500L و 2015 Jeep Wrangler. 
 
سەردانیکردنی چەند وڵاتێک لە ساڵێکدا و، بینینی ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە نزیکەوە بەدڵنیاییەوە مەترسیدارە و بەدەر نییە لە هەوڵی کوشتن. زۆرترین هەوڵی کوشتنی پاپا لە سەدەکانی هەشت، نۆ و 10 بوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییشدا پاپا بەردەوام مەترسی کوشتنی لەسەر بووە لە ناو ڤاتیکان و دەرەوەی ڤاتیکان، دیارترین چیرۆکی هێرشکردنە سەر پاپا، ئەو هەوڵەی ساڵی 1981 بوو.
 
ئەو پیاوەی دەیویست پاپا بکوژێت دوای 31 ساڵ گوڵی بردە سەر ئارامگەکەی
 
چیرۆکی محەممەد عەلی ئاغا دیارترین هەوڵی کوشتنی پاپایە لە چەند دەیەی کۆتایی، محەممەد هەوڵی کوشتنی جۆن پاوڵی دا لە ساڵی 1981، محەممەد پیاوێکی بە رەچەڵەک تورک بوو کە ویستی پاپا بکوژێت، بەڵام لە هەوڵەکەی سەرکەوتوو نەبوو و دەستگیرکرا.
 
دوای دوو ساڵ لە دەستگیکردنی محەممەد، پاپا جۆن بەردەوام سەردانی دەکرد و قسەی لەگەڵ دەکرد، ئەوەی کە سەرنجی جیهانی لەو کاتەدا بەلای خۆیدا راکێشا بڕیاری لێخۆشبوونی محەممەد بوو، پاشان لە ساڵی 2000 داوای کرد کە لە زیندان ئازادبکرێت رادەستی حکومەتی تورکیا بکرێتەوە. بەهۆی ئەوەی لە تورکیا تۆمەتبار بوو بە کوشتنی رۆژنامەنووسێک بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادرا و لە ساڵی 2010 لەوێش ئازادکرا.

ئەو هەڵوێستەی پاپا جۆن کاریگەرییەکی ئەوتۆی کردە سەر محەممەد کە دوای ئازادبوونیشی بەردەوام پەیوەندیی لەگەڵ پاپا مایەوە و لە ساڵی 2014 بە تاجەگوڵینەیەکەوە سەردانی ئارامگەی پاپای کرد.
 
سەردانی پاپا بۆ عێراق
 
بڕیارە 5ى ئازارى 2021، پاپا فرانسیس سەردانی عێراق و دواتر هەرێمی کوردستان بکات، پاپا فرانسیس لەبارەی سەردانەکەی دەڵێت: ساڵی 2000 جۆن پاوڵ، پاپای ئەو کات نەیدەتوانی سەردانی عێراق بکات، "ناکرێت جارێکی دیکە خەڵکی عێراق بێئومێد بکرێن".
 
بڕیارە پاپا فرانسیس سەردانی ئوور بکات کە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمە کە بە باوکی ئایینە ئاسمانییەکان دادەنرێت، هەروەها سەردانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق دەکات، پاپا فرانسیس لەو بارەوە دەڵێت: "لە زەویی ئیبراهیمدا، پێکەوە لەگەڵ رێبەرانی دیکەی ئایینی بەرەو ئامانجی هاوبەش هەنگاو دەنێین".
 
پێش سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، زۆربەی ئەو شار و ناوچانەی كە بڕیارە پاپای ڤاتیكان سەردانیان بكات رازێندراونەتەوە و لەڕووی ئەمنییەوە رێکاری تایبەت گیراونەتەبەر. شەقام و كەنیسەكان شۆردراون، ئاڵای ڤاتیكان بە ستوون و دیوارەكانەوە هەڵواسراوە. 
رۆژی هەینی 5ـی ئادار پاپای ڤاتیكان دەگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشوازی لێدەكرێت، دواتر بەرەو كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بەڕێدەكەوێت و لەگەڵ سەرۆككۆمار كۆدەبێتەوە، پاشان دەچێتە كەنیسەی "سەیدە نەجات"ی سریانی كاسۆلیك لە بەغدا.
 
رۆژی شەممە بەرەو پارێزگای نەجەف بەڕێدەكەوێت و لەوێ چاوی بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی دەكەوێت. پاشان بەرەو شاری ئور بەڕێدەكەوێت.
 
رۆژی یەكشەممەش، بەرەو هەولێر بەڕێدەكەوێت و لە فڕۆكەخانە لەلایەن بەرپرسانی حكومی و ئایینی پێشوازی لێدەكرێت، هەر ئەو رۆژە دەچێتە موسڵ و نوێژ بۆ قوربانیانی شەڕ دەكات. دوای ئەوە دەچێتە كەنیسەی "تاهیرە"ی گەورە لە قەرەقوش.
 
هەر یەكشەممە دەگەڕێتەوە هەولێر و ئاهەنگی پاشنیوه‌ڕۆ یەكشەممەی كریستیان لە یاریگەی فرانسۆ هەریری دەگێڕێت. رۆژی دووشەممە دەگەڕێتەوە فڕۆكەخانەی بەغدا و لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوایی كردنی بەڕێوەدەچێت.
 


PM:04:42:04/03/2021








ئه‌م بابه‌ته 5408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت