نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە


وێستگه‌ نیوز-
نرخی نەوت زیاتر بەرزبوونەوە، ئەوەش بەهۆی ئەگەری بڕیاردانی دژی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئۆپیك پڵەس، هاوشان لەگەڵ دابەزینی ئاستی نەوتی کۆگاکانی ئەمریکا.

هه‌روه‌ها نرخی نەوتی برێنت بڕی 52 سەنت و بۆ 64.59 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و، نرخی نەوتی ڕۆژئاوای تێکساسیش بڕی 43 سەنت و بۆ 61.17 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بەرزبوونەوە.

سێ سەرچاوەی نێو ئۆپیك پڵەس بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندبوو، کە بەهۆی لاوازیی بووژانەوەی خواست بەهۆی کۆرۆناوە، ئۆپیك پڵەس بیر لە جێگیر هێشتنەوەی ئاستی بەرهەم دەکات لەبری زیادکردنی.

بازاڕی نەوت پێشبینی دەکرد ئۆپیك پڵەس ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 500,000 بەرمیلی ڕۆژانە بۆ مانگی نیسان زیاد بکات و سعودیەش کۆتایی بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 1 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بهێنێت.

 جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

لە کردارێکی دیکەدا کە نرخی نەوتی بەرز کردەوە، ئەمڕۆ هێزە حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە مووشەکێکیان ئاڕاستەی بنکەی ئارامکۆ لە شاری جیددە لەسەر دەریای سوور کردووە.

جێفری هالیی شرۆڤەکاریش دەڵێت، "پێموایە هێرشەکەی حووسییەکان هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکانی ئەم بەیانییەیە".

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وێڕای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئاستی 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە کۆگاکان تۆمار کرا، بەڵام ئاستی بەنزینی کۆگاکان بۆ نزمترین ئاست لەماوەی 30 ساڵدا دابەزین، ئەوەش بەهۆی نزمیی ئاستی پاڵاوتنی نەوت کە بەهۆی شەپۆلی سەرماکەی تێکساسەوە گورزی کوشندەی بەرکەوت.


PM:03:37:04/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 3468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو