ئابووریی تورکیا سەرەڕای کۆرۆنا گەشەسەندنی تۆمار کردووە


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا

دەسەلاتی ئاماری تورکیا رایگەیاند، گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە لە ساڵی 2020 و لە کاتی کۆرۆنادا بە رێژەی 1.8 گەشەی کردووە.

دوێنێ دووشەممە دەسەڵاتی ئاماری تورکیا رایگەیاند، گەشەی ئابووریی تورکیا لە ساڵی 2020 و لە سەروبەندی کۆرۆنادا بەڕێژەی 1.8 گەشەسەندنی بەخۆوە بینیوە.

ئینستیتیوتی ئاماری تورکیا (تورکسات) رایگەیاند، ساڵی رابردوو تێکرای بەرهەمی ناوخۆیی تورکیا 5.1 ترلیۆن لیرە نزیکەی حەوت سەد و 17 ملیار دۆلار بووە. 

لە راپرسییەکی ئاژانسی ئەنادۆڵ کە رۆژی هەینی ئەنجام درا بە بەشداریی 21 ئابووریناس، پێشبینی گەشەی 2.2% کرابوو بۆ ئابووریی ساڵی ڕابردووی تورکیا. 

بەپێی ئامارەکەی ئینستیتیوتی ئاماری تورکیا، لە کۆتا چارەکی ساڵی ڕابردوودا ئابووریی تورکیا بەڕێژەی 5.9% گەشەی کردووە. 

تورکیا و چین تاکە وڵاتی نێو وڵاتانی G20ـن کە ڕێژەی گەشەی ئەرێنییان تۆمار کردبێت لەنێو ئەو وڵاتانەی ئاماریان لەبارەوە بەردەستە، باقی وڵاتانی دیکەش لەهەمان ماوەدا پاشەکشەیان تۆمار کردووە. 

لە پاش تۆمارکردنی پاشەکشە لە چارەکی دووەمدا بەڕێژەی 10.3% و بەهۆی قووڵبوونەوەی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە، ئابووریی تورکیا لە چارەکی سێیەمدا بەڕێژەی 6.3% گەشەی تۆمار کردووە. 

هەروەها لە چارەکی یەکەمیشدا تێکرای بەرهەمی ناوخۆیی تورکیا بەڕێژەی 4.5% گەشەسەندنی تۆمار کردووە. 

پڕۆگرامی ئابووریی نوێی تورکیا، کە مانگی سێپتەمبەری ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، پێشبینی کردبوو ئابووریی تورکیا لەو ساڵەدا بەڕێژەی 0.3% گەشە بکات، هاوکات لە ساڵی 2019ـدا، رێژەی گەشەسەندنی 0.9% بوو.


PM:08:27:02/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 1388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت