حەشدی شەعبی: له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ هه‌ولى هاوکاریی ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئەمنی ده‌ده‌ین


وێستگه‌ نیوز-
ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى رایده‌گه‌یه‌نێت، سەرۆكى دەستەی حەشدی شەعبی و شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێکرد.
 
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فالح فەییاز پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری. "لە دیدارەکەدا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی بە جۆرێک کە گونجاوبێت لەگەڵ دەستوور و پێویستییەکانی بەرژەوەندیی گشتی گفتوگۆکرا".

  وێستگە نیوز لە تێلیگرام جۆین بكە   

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە، "لەوانە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوکاریی ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئەمنی، کە ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوەند و هەرێمی کوردستان".
  
رۆژی چوارشەممە، شاندێکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، بەمەبەستی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان گەیشتە بەغدا.
 
شاندەکەی پارتی پێکهاتوون لە هۆشیار زێباری و جەعفەری ئیمینکی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی، شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی 5 پارتی لە بەغدا.
 
پێشتر شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی دکتۆر رۆژ نووری شاوەیس و ئەندامییەتی هەریەک لە هۆشیار زێباری و جەعفەری ئیمینکی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی، عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی سەردانی بەغدای کردبوو لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆببوونەوە.
 


PM:06:54:27/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 2536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت