دەنگۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار


وێستگه‌ نیوز-
بانکی ئەمریکا  پێشبینیی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دەکات لەماوەی چەند ساڵی کەمی داهاتوودا بەهۆی بەرەوپێشچوونی هەلومەرج و بووژانەوەی جیهانی.

لەناو سەرجەم ئەو پرسانەی لە تەنگژەکەی تێکساس و بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لەدوای کۆرۆنا هاتوونەتە کایەوە، وا دەردەکەوێت شرۆڤە کارانی بواری وزە لە سەرانسەری جیهاندا پێشبڕکێی یەکتری دەکەن لە پێشبینیە دڵخۆشکەرەکاندا.

لەم هەفتەیەدا بانکی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەگەر هەیە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا نرخی نەوتی برێنت بگاتە 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر پێشبینی کردبوو لەمساڵدا نرخی نەوت لە تێکڕای 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك جێگیر ببێت، بەمەش ئاستی پێشبینییەکەی بە بڕی 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك زیاد کرد.

هاوشێوەی بانکی ئەمریکا، کۆمپانیای مۆرگان ستانلیش پێشبینی دەکات نرخی نەوت لەمساڵدا بگاتە 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، بەڵام لە ماوەیەکی کەمێك دواتر - چارەکی سێیەم و، پێشبینی بازاڕێکی تەواو پێشکەوتوو دەکات، لەنێویشیدا لەڕووی خواستەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، بانکی وەبەرهێنانی گۆڵدمان ساچز  پێشبینی نرخەکانی نەوتی بانکەکەی نوێکردەوە و پێشبینی دەکات نرخی نەوت لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا بگاتە 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوەش لەسەر حیسابی هاوسەنگبوونەوەی خێراتری بازاڕ، پێشبینی ئاستی نزمتری کۆگاکان و هەوڵی بازرگانان دژی هەڵاوسان.

بەڵام سەرجەم ئەو پێشبینییانە خۆیان کاڵ دەنوێنن بە بەراورد بە پێشبینییەکانی کۆمپانیای سۆکار، کۆمپانیای بازرگانی نەوتی ناوخۆیی ئازەربایجان، کە پێیوایە نرخی نەوت لەماوەی 18 بۆ 24 مانگی داهاتوودا سێ هێندە بەرز ببێتەوە. 

بانکی ئەمریکاش لەلایەن خۆیەوە پێشبینیی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دەکات لەماوەی چەند ساڵی کەمی داهاتوودا بەهۆی بەرەوپێشچوونی هەلومەرج و بووژانەوەی جیهانی.


PM:02:38:25/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 1108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت