مەسرور بارزانی: هەموو هەوڵێکمان بۆ دابیکردنی مووچە خستووەتەڕوو

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووە و کێشە و گرفتە کارگێڕی و داراییەکانیان تاوتوێ کرد و سەرۆکی حکومەت رایگەیاند کە هەموو هەوڵێکیان بۆ دابینکردنی مووچە خستووەتە گەڕ.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی شوباتی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڤیدیۆ کۆنفرانس لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرسێ پارێزگاکەدا کۆبووەوە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو.
 

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ساڵی 2021 کراوە.

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە حکومەت هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ئەرکێکی لە پێشینەی حکومەتە.
 
سەرۆک وەزیران ئەوەیشی خستەڕوو کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
 
مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد کە بەو داهاتەی بەردەستە، لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی کوردستاندا بۆ ساڵی 2021ـ لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا درێژە بە جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری دەدرێت.
 
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئەو پرۆژانەی وەزارەتەکان لە پارێزگاکان جێبەجێیان دەکەن لە کەرتەکانی "شارەوانی، کارەبا، تەندروستی، کشتوکاڵ، پەروەردە و رێگاوبان" بۆ ساڵی 2021 پەسەند کران کە بە داهاتی بەردەستی حکومەت جێبەجێ دەکرێن.
 
لە راگەیه‌ندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا ئەوە ئاشکراکراوە کە کۆی گشتیی گوژمەی ئەو پارەیەی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان تەرخان کراوە 349 ملیار و 702 ملیۆن دینارە و بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش کراوە:

•       پارێزگای سلێمانی :

114,350,000,000 سەد و چواردە ملیار و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار.

•       پارێزگای هەڵەبجە :

30,000,000,000 سی ملیار دینار .

•       پارێزگای هەولێر :

000 ,128,352,000 سەدو بیست و هەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار.

•       پارێزگای دهۆک:

77,000,000,000 حەفتا و حەفت ملیار دینار .

کۆی گشتی : 349,702,000,000 سێسەد و چل نۆ ملیار و حەفسەد و دوو ملیۆن دینار.


PM:03:45:23/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 3460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت