لێدوانی وه‌زیری نه‌وتی عیراق له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان به‌غداو هه‌رێم

‌ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پێشفرۆشکردنی نەوتی راگرتووە و هەروەها دەڵێت گەشبینە بە رێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان.

 
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند: ئەو کاتەی کە دەیانویست بایی دوو ملیار دۆلار نەوتەکەیان پێشفرۆش بکەن پێیانوابوو نرخی نەوت ناگەڕێتەوە سەرووی 40 دۆلار.
 
کۆمپانیای نەوتی ژینهوای چینی براوەی گرێبەستی وەرگرتنی نەوتی عیراق بوو بۆ ماوەی پێنج ساڵ و بە مەرجی پێدانی پارەی پێشەکی بۆ ئەو نەوتەی کە وەریدەگرێت. بەڵام کە ئێستا نرخی نەوت گەیشتووەتە سەرووی 60 دۆلار، حکومەتی عیراق گرێبەستی پێشفرۆشکردنی نەوتەکەی راگرتووە.
 
رۆژی 18ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوتی عیراق، قەبارە و داهاتی هەناردەکردنی نەوتی خاوی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد 88 ملیۆن و 922 هەزار و 697 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، داهاتی ئەو نەوتەش نزیکەی چوار ملیار و 739 ملیۆن و 82 هەزار دۆلار بووە. بەرمیلێک نەوتیش بە 53.586 دۆلار فرۆشراوە.

 
جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

حکومەتی عیراق پرۆژەیاسای بودجەی ناردووە بۆ پەرلەمان، پرۆژەیاساکە لە لیژنەی دارایی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر کراوە و زۆربەی ماددە و بڕگەکانی دەستکاری کراوە، تەنیا پشکی هەرێمی کوردستان ماوە یەکلایی بکرێتەوە.
 
وەزیری نەوتی عیراق گەشبینە بە وتووێژەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەوەی کە بگەنە رێککەوتن لەسەر بودجەی 2021 و دەڵێت: "لێکتێگەیشتنی باش لەو بارەیەوە هەیە".
 
وه‌زیری نه‌وتی عیراق باس لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بوونەتە رابردوو و سەرکەوتوو نەبوون بۆ ئەم دۆخەی ئێستا و داهاتی پێویست ناگەڕێننەوە".
 
یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بەندە بە هەڵوێستی لایەنە شیعەکانی عیراق کە زۆرینەن لە پەرلەمان، به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ ئێستاشدا زۆرینەی شیعەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا گەیشتوونەتە رێککەوتن و چاوەڕێی شاندی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ نووسینەوەی دەقەکە.
 
ئه‌و ده‌قه‌ی ئێستا پێشنیاز كراوه‌ و لایه‌نه‌ شیعییه‌كان تاڕاده‌یه‌ك رازین له‌سه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوای خەرجیی گواستنەوەی نەوت و حەقدەستی کۆمپانیاکان و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، ئەو نەوتەی دەمێنێتەوە رادەستی بەغدا بکرێت.
 
 


AM:09:07:22/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 3176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت