وێنە.. لە تەقینەوەی ئەمڕۆی بەغدا دوو ھاوڵاتی كورد بوونەتە قوربانی


وێستگەنیوز- رەڤەند گوھەرزی

لە ئەنجامی تەقینەوە خۆكوژیەكەی ئەمڕۆی شاری بەغدا ھاوڵاتیەكی دانیشتوی سنوری پارێزگای دھۆك گیانی لە دەستدا و خاڵیشی كە لەگەڵدابووە برینداربوو و بەپێ دوا ئاماری وەزراەتی تەندروستی عێراق 32 كەس گیانیان لە دەستدا و 110 برینداریشی لێكەوتەوە.

یەكێك لە كەسوكاری بەناوی یونس زار، بە وێستگەنیوزی راگەیاند:" لە تەقینەوەی ئەمڕۆی شاری بەغدا ئاموزاكەم غازی حازم بەر كەوتووە و گیانی لە دەستداوە خاڵیشی لەگەڵدابووەو برینداربووە".

وتیشی:" ئاموزاكەم بارێكی گوێز و مێوژ و ھەنگوینی بردبوو شاری بەغدا بۆ بژێوی ژیانی خۆی و منداڵەكانی دوو كوریشی لەگەڵدا بووە، بەڵام ئەوان سەلامەتن".

ئاماژە بەوەشكرد:" تەرمەكەی بەرێگاوەیە گەیشتووەنەتە كەركوك ئێمەش لە ھەولێر چاوەرێین ئەمشەو دەگەینە كومەڵگای رزگاری لە قەزای سێمێل"، بەوتەی یونس، ئاموزاكەی خێزاندارە و باوكی پێنح منداڵ بووە و دانیشتوونی كومەڵگای رزگاری سەر بە قەزای سێمێل لە رۆژاوای پارێزگای دھۆك.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ھەردوو ناوچەی باب ئەلشەیخ و گۆڕەپانی تەیەران كە دەكەونە ناوچەی باب شەرقی لە شاری بەغدا، دوو تەقینەوەی خۆكوژی لە بازاڕی فرۆشتنی جلی كۆنە ناوچەیەكی قەرەباڵغە، روویاندا، بەپێ دوا ئاماری وەزراەتی تەندروستی عێراق 32 كەس گیانیان لە دەستدا و 110 برینداریشی لێكەوتەوە.


PM:06:49:21/01/2021




ئه‌م بابه‌ته 9920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو