بەکارهێنانی شوان بۆ دانانی بۆمب


دڵشاد ئەنوەر/ دەنگی ئەمەریکا
پلانی نوێی چەکدارانی داعش، بۆمبڕێژکردنی بەشێک لە گوندەکانی دەوروبەری قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینە، کە بۆمبەکان لە ڕێگەی ژمارەیەک شوانکارەی نزیک لە خۆیان و بەگوێدرێژ بە ناوچەکاندا بڵاوی دەکەنەوە.

بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، لە شەوی 1/1/2021 ژمارەیەک چەکداری داعش کە حەوت ئۆتۆمبێلیێان پێبووە، لە نێو کارگەیەکی چەو لم لە نزیک گوندی حەفریەی سەربە قەزای خورماتوو کۆبوونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر بۆمبیان لەڕێگەی چەکدارەکانیانەوە بەسەر ناوچەکاندا دابەشکردووە.

محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای خورماتوو، بەدەنگی ئەمەریکای وت" لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ویلایەتەکانی کەرکوک و دیالەی داعش، بۆمبی چێنراو بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکەن، تا لە ڕێگەی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوڵاتیانیش داینێن."

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، لەڕۆژی 13/1 لەنێوان گوندەکانی ئاغجەمەشەد و لەقوم، لە نزیک قەزای خورماتوو، چوار شوانکارەی عەرەب بە گوێدرێژ بۆمبیان بۆ داعش گواستووەتەوە، لەوکاتەدا بۆمبێک پێیاندا تەقیوەتەوە و سەرجەمیان برینداربوون، هەروەها 5 سەر مەڕیشیان بۆمب کوشتوونی.

هەر لەدوای چاندنی ژمارەیەکی زۆر بۆمب لەلایەن داعشەوە، لە ڕۆژی 12/1 دوو گەنجی کورد بەهۆی تەقینەوەی بۆمب پێیاندا گیانیان لەدەستدا، کە دوو گەنجە کوردەکە دانیشتووی گوندەکانی سنوری خورماتوون.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەبەوەش دەکەن، داعش بۆ گواستنەوەی بەشێکی تر لە بۆمبە چێنراوەکانیان، ماتۆڕ سکیل بەکاردەهێنن، کە ساڵەنسەی ماتۆڕ سکیلەکانیان بە بەتانی داپۆشیووە و لەو ڕێگەیەوە ماتۆڕەکانیان بێ دەنگ کردووە.

شێخ ڕەعد عاسی سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی لە کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هەموو ئەو چەکدارانەی لە ناوچەکەدا بڵاو بوونەتەوە، مەفرەزەی بچوک بچوکی چەند کەسین، تا فڕۆکە نەیانکاتە ئامانج."

زۆربەی ئەو بۆمبانەی مەفرەزەکانی داعش لە ناوچەکان یاخود ڕێگەو بانەکان دایاندەنێن، دروستکراوی خۆیانن، کە بەوتەی دەزگا ئەمنیەکان، زۆربەی چەکدارەکان شارەزای بواری تەقینەوەن.

محەمەد فایەق، ڕوونیکردەوە هەموو بۆمبە چێنراوەکانی داعش، دەستکردنی خۆیانن، بە جلیکان و بوتڵی غاز و جۆرەها کەرەستەی تری تەقەمەنی دروستیانکردوون، جەختیشکردەوە" زۆربەی هێرشەکان لەسنوری سوپای عێراق ئەنجام دەدرێن، چونکە بۆشایی ئەمنی زۆر لەو ناوچەیە هەیە."

لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بۆمبی چێنراو بە ناوچەکاندا، ماوەی هەفتەیەکە داعش هێرشەکانی بۆ سەر سنوری جەلەولای پارێزگای دیالە چڕکردووەتەوە و چەندین هێرشی کردووەتە سەر ئەو ناوچەیە، دوا هێرشیش تەقاندنەوەی وێستگەی کارەبای ناوچەکە بوو.


PM:04:43:21/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت