تۆمەتبارێك له‌ پارێزگاى دهۆك دوای ھەڵھاتنی خۆی رادەستی پۆلیس کرد


وێستگە نیوز- 
بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دھۆک رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای ئەوەی شۆفێرێک لەسەر جادەی نێوان گوندی ئێمینکێ و بێسرێ سەر بەپارێزگای دھۆک لە کەسێک دەدات و تەرمەکەی بەجێدێلێت لە شوێنی رووداوەکە ھەڵدێت، ئەمڕۆ خۆی رادەستی پۆلیس کرد.

موقەدم ھێمن سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دھۆک له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، کاتژمێر دووی شەوی رابردوو ئاگادارکرایین تەرمی کەسێک لە سەر جادەی نێوان گوندی بێسرێ و ئێمینکێ دوزراوەتەوە، راستەوخۆ پۆلیسی نەھێشتنی تاوان و بەڵگەی تاوان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.

ناوبراو رونیشیكرده‌وه‌، دوای گەیشتی ھێزەکانی پۆلیسی دەست بە لێکولینەوە کرد لە سەر رووداوەکە، دیاربوو گەنجێکە و کوژراوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادکرا.

ئاماژەى بەوەشکرد، سەرەتا ھۆکاری گیان لە دەستدانی دیارنەبوو، بەڵام لە راپۆرتی پزیشکی دادگادا دیاربوو ئەو کەسە نەکوژراوە بەڵکو بە رووداوی ھاتوچۆ گیانی لە دەستداوە.

بەپێى وتەی موقه‌ده‌م ھێمن، بەبریاری بەرێوەری پۆلیسی دھۆک لیژنەیەک پێکھێنرا بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ تۆمەتبارەکە بکەن، لەبەر ئەوەی شۆفێرێک لەو کەسەی دابوو لە شوێنی رووداوەکە ھەڵھاتبو، لە ماوەی لێکوڵینەوەدا دوای ئەوەی تۆمەتابارەکە زانی کە بە وردی چاودێری دەکرێت، تۆمەتبارەکە خۆی رادەستی بنکەی پۆلیسی خەبات کرد.

باسی لەوەشکرد، لەبەردەم ئەفسەری لێکولینەوە دانی بە تاوانەکەی ناوە کە کاتژمێر دووی شەوی رابردوو لە گوندی ئێمینکی-وە ھاتووە بۆ شاری دھۆک لەسەرجاده‌ لەو گەنجە داوە لەوێ گیانی لە دەستداوە، بەوتەی خۆی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە سەرخۆش بوو ه‌ و مادده‌ى كهولى خواردبوو.



PM:04:24:21/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو