ئەمریکا: تورکیا وەک هاوپەیمان رەفتار ناکات

‌ئەنتۆنی بلینکن

وێستگە نیوز- هێڤار هیوا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پلانەکانی بۆ ئیدارەی نوێی بایدن راده‌گه‌یه‌نێت، دەیانەوێت دووبارە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانانی بونیاتبنێتەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی رکابەرەکانی ئەمریکا وەک چین، رووسیا و کۆریای باکوور ئاماژەیان بەوە کرد، تورەکیا وەک هاوپەیمان رەفتار ناکات.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دوێنی سێشەممە 19ى كانونى دووه‌مى 2021، لە ئەنجومەنی پیران، ئەنتۆنی بلینکن، کاندیدی جۆ بایدن بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ئیدارەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووى ئەمریکا ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، لە وتارێکیدا لە کۆنگرێس ئاماژەی بە گۆڕینی پلانەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد. 

لە وتارەکەیدا رایگەیاندووه‌، "هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتان بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئۆباما، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی بەشێک لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکەم لە رووبەڕووبوونەوەی چین و ئێران".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک چینی تۆمەتبارکردووە بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کارەکەی سەرۆک ترەمپ راست بوو لەوەی کە بەو شێوە تووندە رووبەڕووی چین بۆتەوە، هەرچەندە بەشێک لە هەنگاوەکانی باش نەبوون، بەڵام بنەمایەکی باشی هەبوون و یارمەتیدەر بوون لە کاروبارەکانی وەزارەتی دەرەوەى ئه‌مریكا".
 بلینکن سه‌باره‌ت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا وتیشى، تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ رەفتار ناکات، هەروەها پێداچوونەوە بەوەدا دەکەن کە ئەگەر پێویست بکات سزای زیاتر بەسەر تورکیا بسەپێنن، بەهۆی کڕینی سیستەمی دژە مووشەکی (400-S) لە رووسیا.
 
مانگی رابردوو دوای کڕینی سیستەمی دژە مووشەکی رووسی لەلایەن تورکیاوە، ئەمریکا گەمارۆی ئابووری خستەسەر وەزارەتی بەرگریی تورکیا و رایگەیاندبوو، "جێگای قبووڵ نییە کە تورکیا لەسەر یەک هێڵ بێت لەگەڵ گەورەترین رکابەری ستراتیژیمان کە مۆسکۆیە".

بلینکن، باسی لەوەشکرد، "ئەمریکا دەیەوێت رێژەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان کەم بکاته‌وه‌، تەنها ئەوەندە بهێڵنەوە کە ئامادەبن بۆ روبەڕووبونەوەی هەر هێزێکی چەکدار ئەگەر دروست ببن".

ئەو کاندیدە ستایشی ستایشی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکانی کرد، کە دۆناڵد ترەمپ و جەیرد کوشنەری زاوای پلان داڕێژەری ئەو رێککەوتنانە بوون، بەڵام دەشڵێت،" ئەوە دەبێتە هۆکاری قوڵتربوونەوەی کێشەکانی ئیسرائیل و فەلەستین، پێویستە رێککەوتن لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بکرێت بە مەبەستی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری". 
بلینکن، رەخنەی لەوە هەیە، ئەو رێککەوتنانە هێندەی دیکە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین ئاڵۆزتر دەکات، به‌ بۆچونى بلینکن،" دەبێت رێککەوتنێک بە هاوئاهەنگی فەلەستین و ئیسرائیل بکرێت، چونکە ئەوە تاکە رێگەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەی جووەکانی ئیسرائیل و پێدانی ئەو خاکەی کە فەلەستینییەکان داوای دەکەن".


PM:12:45:20/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت