کۆشکی سپی کاتی جێهێشتنی یەکجاری ترەمپ و میلانیای راگەیاند

‌ترەمپ و میلانیای هاوسەری

وێستگە نیوز ـ
کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، ترەمپ و میلانیای هاوسەری کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە یەکجاری ماڵئاوایی دەکەن و بەرەو فلۆریدا بەڕێدەکەون.

کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و میلانیا ترەمپ خانمی یەکەمی ئەو وڵاتە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، کاتژمێر هەشت بە کاتی ئەمریکا (چواری ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان) بەیەکجاری کۆشکەکە جێدەهێڵن.

ئاماژە بەوەشکراوە، پاش ئەوەی کۆشکی سپی جێدەهێڵن ترەمپ و هاوسەرەکەی لە ویلایەتی فلۆریدا نیشتەجێدەبن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، وتارێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی دەستەکەوتەکانی ئیدارەکەی کرد و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ ئیدارەکەی بایدن خواست.

بڕیاریش وایە ئەمڕۆ چوارشەممە، بایدن مەڕاسیمی دەستبەکاربوونی لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا (کاتژمێر هەشتی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان) بۆ رێکبخرێت و دەسەڵاتی رادەستبکرێت.

لە 3ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو و تیایدا بایدن سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هاوکات، لە ناوەڕاستی مانگی کانونی یەکەمی 2020دا، دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا جۆ بایدنی وەک سەرۆکی هەڵبژێردراو دیاریکرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی سەرکەوتنی خۆی دەکرد و پێی وابوو ساختەکاری زۆر لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە.

دواتر و لە 6ی ئەم مانگەشدا، کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبووە بۆ دەنگدان پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، لەلای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ داوای لە لایەنگرانی کرد خۆپیشاندان بکەن و پشتگیری بکەن، کە دواتر بەشێک لە لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس و ئەو رووداوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، سەرەڕای ئەوەش دواتر کۆنگرێس بایدنی وەک سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دیاریکرد.


AM:10:42:20/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت