سیاسەتمەدارێکی كورد پێشبینی ده‌كات له‌دوای سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگریی توركیا شەڕێکی سەخت رووبدات


وێستگە نیوز-

دکتور کامەران بەرواری، سیاسەتمەداری باشووری کوردستان، سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، بە مەترسیدار وەسف دەکات ‌و پێشبینیش دەکات لە 20 رۆژی داھاتوودا، شەڕێکی قورس روو بدات.

دکتور کامەران بەرواری، سیاسەتمەداری باشووری کوردستان، بە ئاژانسی ھەواڵی فوراتی راگەیاندووە:"بە گوێرەی خوێندنەوەی ئێـمە بۆ ڕەوشەکە، عێراق و تورکیا لەسەر ھەندێک خاڵی گرنگ و بەرژەونی ھاوبەش و ستراتیژی ڕێکەوتوون و بە تایبەتیش لەدوای سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بۆ تورکیا”.

وتیشی:"بەگوێرەی پێشبینی ئێمە لە 20 ڕۆژی داھاتوودا، شەڕێکی دژوار روودەدات لە ناوچەی گارە و مەتینان تا دەگاتە زاخۆ لە مانگی شەشی 2020ەوە تورکیا پیلانی داگیرکردنی تەواوی خاکی باشووری کوردستان و ناوەڕاستی عێراقی داناوە، ھەریەک لە حکومەتی عێراق، تورکیا بە ھاوکاریی و پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشوور، پێکەوە پیلانیان داناوە کە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکەن، بەتایبەتی تورکیا ھەوڵ دەدات سنووری باشووری کوردستان لە فیشخابوور تا ڕەبیعە و بە شنگالیشیەوە ‌و لەوێشەوە تا سنووری ئوردن، بگرێتە دەستی خۆی".

بەرواری ئاماژەی بەوەشکردووە: "ھاتنی خولوسی ئاکار بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، بۆ ئامادەکاریی و ڕێکەوتنە لەسەر ئەو پیلانەی تورکیا ‌و ھەر لێدوانێکیش لەبارەی ئێران، سەرقاڵکردنی ئەو وڵاتەیە، بۆ ئەوەی سەرقاڵی بکەن و پیلانەکانیان لە دژی رۆژئاوا و باشووری کوردستان جێبەجێ بکەن، کە ئامانجەکانیان بەم شێوەیەن:

یەکەم: ھێزی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد شەڕڤان یاخود پێشمەرگە لاواز بکەن.

دوو: جیاکردنەوەی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە یەکتری، لە ڕووی جوگرافییەوە بەتەواوەتی.

سێیەم: لەناوبردنی خۆسەریی شنگال ‌و کۆمەڵکوژکردنی گەلی ئێزدی و سڕینەوەی گەلی ئێزدی لە عێراق و جیھان و دەستگرتن بەسەر ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدی.

چوارەم: لاوازکردن و بێئێرادەکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پاشان لەناوبردنی ئەو حکومەتە، لەناوبردنی ھەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد تا ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق بەتەواوەتی ھەرێمی کوردستان لاواز دەکرێت، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی حکومەتی ھەرێم بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و تورکیا.

پێنجه‌م: ڕێگریکردن لە ئێران بۆ ئەوەی ھێچ پەیوندییەکی لەگەڵ عێراق و سوریا نەمێنێت.

شەشه‌م: دروستکردنی ھەرێمێکی تایبەت بۆ سوننەکانی عێراق کە ڕاستەوخۆ سنورەکانی لەگەڵ ئوردن و تورکیا گرێبدرێ.

دکتور کامەران باسی لەوەشکردووە کە "دەبێت ھیچ حزب و لایەنێکی سیاسیی کوردی بەشداریی ئەو پیلانگێرییە نەکات، چونکە وەک ڕێفراندۆم گەلی کورد ھەڵدەخەڵتێنن، یان وەک ھێنانی داعش لە ٢٠١٤ بۆ ناوچەکە پیلانگێرییەکی نوێیە، بۆیە دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کاربەدەستانی بە ھیچ شێوەیەک بەشداری نەکەن و ھەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەن و لە دژی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد شەڕ نەکەن و ھێرش نەکەنە سەر گەریلا، چونکە ئەو شەڕە دەبێتە ھۆی لەناوچوونی دەستکەوتەکانی گەلی کورد، دەبێتە شەڕی ٦٠ ملێۆن کورد لە ناو یەکتری، لە دوای ئەو شەڕە کورد، ناتوانێت داوای ھیچ ھاوکارییەک لە دەرەوە بکات، چونکە کورد بۆخۆی دەستکەوتەکانی خۆی لەناو دەبات."

ده‌شڵێت: "کورد لە جێگەی سەنگەرلێدان لەدژی یەکتری، یەکێتی و یەکڕیزیی ناوماڵی خۆی بەھێز بکات و بە یەکێتیی نەتەوەیی، وەڵامی پیلان و ھێرشەکانی دەوڵەتی تورک بداتەوە"


AM:12:43:20/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 7308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت