پەرلەمانتارێكی عێراق كە بەدژە كورد ناسراوە مەرجێك بۆ دەنگدانی بەپشكی كورد ئاشكرا دەكات
نەدا شاكر
وێستگە نیوز- سروە ئەحمەد
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نەسر لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەمەرجێك دەنگ بەپشكی كورد لەپڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ دەدات كە تەنها بۆ مووچە بێت و بەدیاریكراویش 12 ترلیۆن دینار بێت.
نەدا شاكر، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نەسر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە حەیدەر عەبادی سەركردایەتی دەكات، یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی هەمیشە لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا دژی حكومەتی هەرێم پەڕاوی گەندەڵی خستۆتەڕوو، نەدا لەچاوپێكەوتنێكی وێستگە نیوزدا رایدەگەیەنێت، تاوانە دەنگ بدرێت بەو پشكەی هەرێم كە لەپرۆژە بودجەی عیراقدا دانراوە و مەرجێكیش بۆ دەنگدانی پشكی كورد لەپڕۆژە یاسای بودجە ئاشكرا دەكات.
وێستگە نیوز: بۆچی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە عەرەبییەكان رەزامەند نین لەسەر پشكی هەرێم؟
نەدا شاكر: كورد بەشێكە لە گەلی عیراق هەست بە كێشەكانیان دەكەین، دەزانین حكومەتەكەی موچەی فەرمانبەرانی نادات، حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت و دەروازە سنورییەكان دەبات، لە كاتێكدا هیچ داهاتێك رادەستی حكومەتی فیدراڵی ناكات، داوای موچەش لە حكومەتی فیدراڵی دەكات كە ئەوە نابێت و پێچەوانەی دەستوری عیراقە.
ئەو مافەش نەدراوە بە حكومەتی فیدراڵی لەلایەن هەرێمەوە كە داهاتی نەوت و دەروازە سنورییەكان بزانێت، جگە لەوەش هەرێم تەنها داوای موچەی فەرمانبەرانی ناكات بەڵكو دەیەوێت حكومەتی ناوەند ئەو قەرزانەشی بداتەوە كە كردوویەتی، لەكاتێكدا نازانرێت ئەو قەرزە چۆن كراوە و لەكوێ كراوە بڕی چەندە كە ئەمە پێچەوانەی دەستورە لەم لایەنەوە كێشەی زۆرە هەرێم.
هەرێم جگە لە موچەو قەرز داوای بڕی موچەی ساڵەكانی دیكەش دەكات، لە كاتێكدا هەرێم پابەند نەبووە بە هیچ بەڵنێك، لە كاتێكدا پارێزگای بەسرە ئاماژە بەناوی ئەو كۆمپانیایەش دەكات كە نەوتی پێفرۆشتوە، بۆیە ناكۆكی ئێمە لەگەڵ هەرێم لەسەر نەبونی شیكارێكی رون و دروستە لەسەر داهاتە سنورییەكان و نەوت.
هەرێم دەیەوێت لە رێگەی فشاری هەڵبژاردنەوە لەڕێگەی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەو لایەنە سیاسییانەی عێراق كە پەیوەندییان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە رەزامەندی لەبەغداوە وەربگرن.
بەداخەوە گەلی عیراق باجی ئەو هەڵانەی هەرێم و قەرزەكانی عیراق دەدات، تاوانەكەش تەنها هەرێم نییە، بەڵكو لاوازی حكومەتی فیدراڵیە بەرامبەر هەرێم كە بانگی ناكات و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكات، بە هەرێم بڵێت كارتی بانكی بۆ فەرمانبەرانت دروست دەكەین بۆ ئەوەی بزانین چەند فەرمانبەرت هەیە، هەروەها هەرێم بەرپرس نیە لە فرۆشتنی نەوت و پارەكەشی بخاتە گیرفانیەوە، ئەمە نادەستوریە و لەهەمانكاتیشدا موچەی فەرمانبەرانت دەوێت لە جكومەتی فیدراڵی.
وێستگەنیوز: پێتوایە هەرێم نەوت و داهاتی دەروازە سنورییەكان رادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات؟
نەدا شاكر: ئێمە دژی حكومەتی هەرێمین كە نەوت و داهاتە سنورییەكان رادەست ناكات، نەك دژی ئەوە بین موچەی فەرمانبەران نادات، لە سەردەمی حكومەتی عادل مەهدییەوە هەرێم هیچ شتێكی رادەست نەكردووە و پابەندی بەڵینەكانی نەبووە، پێویستە خەڵكی هەرێم حكومەتی هەرێم ناچار بكات تا هەرێم نەوت رادەست بكات و موچەی خۆیان وەربگرن.
وێستگە نیوز: وەك پەرلەمانتارێك دەنگ لەسەر پشكی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەی2021 دەدەیت؟
نەدا شاكر: بە مەرجێك دەنگ لەسەر پشكی 2021ی هەرێم دەدەم كە تەنها بۆ مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەران بێت واتە بڕی 12 ترلیۆن دینار، نەك لەسەر قەرزەكانی ساڵانی رابردوو و كرێی گواستنەوەی نەوت.
وێستگە نیوز: جگە لە پشكی هەرێم كێشەی دیكە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا هەیە؟
نەدا شاكر: بەڵێ پڕۆژەكە كیشەی زۆرە، یەكێكیان ئەوەیە هەندێ پارێزگا لەژێر هێڵی هەژاریدایە بەڕێژەی لە4%، بەڵام پشكێكی كەمی بۆ دانراوە لە پرۆژە بودجەدا.
PM:06:11:13/01/2021
ئهم بابهته 8344
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت