راپۆرتی لیژنەی دارایی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راپۆرتێکی لەسەر بودجەی 2021ی عیراق ئامادەکردووە و تیایدا لیست و ناوی سەرجەم وەزارەتەکانی راگەیاندووە لەگەڵ بڕی بودجەی تەرخانکراو بۆیان، کە زۆرترین بودجە بۆ وەزارەتی بەرگری و کەمترینیشیان بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دیاریکردووە.


بەپێی راپۆرتێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بودجەی ئەمساڵی 2021 جیاوازترە لە بودجەی ساڵەکانی پێشوو.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ وەستاندنی زۆربەی جومگە بازرگانییەکانی زۆرینەی وڵاتانی دنیا، بێگومان عیراقیش لەو دەرهاوێشتە و کاریگەرییانە بەدەر نەبووە، دابەزینی نرخی نەوت و داخستنی زۆربەی سێکتەرە ئابووریەکان، هۆکارێکی گرنگ بوون بۆ ئەو قەیرانە یەک لە دوای یەکانەی رووبەروی خەڵک بوونەتەوە و ئاشکرایە خەڵک لە ئێستادا لە بارودۆخێکی ئابووری سەخت دا دەژین.

راشیگەیاندووە، لە ساڵی رابردوودا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راسپێردرا بە دانانی پلانێکی چاکسازی بۆ ئەمساڵ و رووبەروبونەی هەموو ئاستەنگییەکان و دانانی رێگە چارەیەک بۆ پرۆژە گرنگ و لە پێشینەکان.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لیژنەی دارایی هەستاوە بە ناردنی نوسراوێکی فەرمی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەرواری 10ی کانوونی دووەمی 2021 بە مەبەستی گوێبیست بوون لە راو و پێشنیازەکانیان.  

بەپێی ناوەرۆکی راپۆرتەکە، ئامانجی لیژنەی دارایی لەم راپۆرتەدا بریتییە لە: کەمکردنەوەی کورتهێنان، رێکخستنەوەی داهاتەکان، دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەوڵدان بۆ زیادکردنی داهەتەکانی دەوڵەت لە بوارە جیاوازەکاندا، هاوکاری کردنی پرۆژە بیناسازییەکان، و هەروەها هاوکاری کردنی کەرتی تایبەت و پرۆژەکان بۆ بنیادنانەوەی ئابووریەکی بەهێز.

هەروەها جەختیان کردوەتەوە کە چەندین ئاڵەنگاری رووبەروویان دەبێتەوە لەوانەش (زۆری رێژەی ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە بۆ بنیادنانەوەی بناغەی ئابووری دەوڵەت، ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەرهاوێشتەکانی، و نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێز بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی وڵات).

بودجەی 2021ی عیراق بە 91 ترلیۆن دینار مەزەندا کراوە و ئەم رێژەیەش %11.8 لە بودجەی ساڵی 2019 کەمترە. دابەش کراوە بەسەر دوو بەشدا، داهاتە نەوتی و نا نەوتیەکان.

داهاتە نەوتییەکان: %78ی کۆی گشتی داهاتەکان پێکدەهێنێت و بڕەکەی 73 ترلیۆن دینارە و بە رێژەی %22 لە ساڵی 2019 کەمترە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت لە 46 دۆلارەوە دابەزیوە بۆ 42 دۆلار، هەروەها کۆی گشتی بەرهەمهێنانی نەوت لە سێ ملیۆن و 388 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە کەمبووەتەوە بۆ سێ ملیۆن و 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە.

داهاتە نا نەوتییەکان: %22ی کۆی گشتی داهاتەکان پێکدەهێنێت و بە 22 ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت. ئەم جۆرە داهاتەیان بە رێژەی %70 لە ساڵی 2019  زیاترە ئەویش بەهۆی زۆربوونی باجی گومرگی و هەناردە و هاوردە بڕەکەشی دەگاتە پێنج ترلیۆن و 500 ملیۆن دینار.

داهاتەکانیش بەم شێوەیە دابەشکراون بەسەر وەزارەتەکاندا:

وەزارەتی بەرگری: 27 ترلیۆن و 700 ترلیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %16.8 کۆی گشتی بودجە.

وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن: 12 ترلیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %7.5 لە کۆی گشتی بودجە.

وەزارەتی وزە: 33 ترلیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %20 کۆی گشتی بودجە.

وەزارەتی تەندروستی: حەوت ترلیۆن و 300 ترلیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %4.4 کۆی گشتی بودجە.

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی: 31 ترلیۆن و 400 ملیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %19.1 کۆی گشتی بودجە.

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن: 900 ملیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %0.6 کۆی گشتی بودجە.

وەزارەتی کوشتوکاڵ: 900 ملیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %0.6 کۆی گشتی بودجە.

وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە و نیشتەجێبوون: ترلیۆنێک و 600 ملیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %1 کۆی گشتی بودجە.

وەزارەتی پیشەسازی: ترلیۆنێک و 700 ملیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %1 کۆی گشتی بودجە.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان: ترلیۆنێک و 600 ملیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %1 کۆی گشتی بودجە.

کارگێڕییە ناوخۆیی و بیانییەکان: 23 ترلیۆن دینار کە دەکاتە %14.2 کۆی گشتی بودجە.

دیوانە ناوخۆیی و بیانییەکان: 22 ترلیۆن کە دەکاتە %13.5 کۆی گشتی بودجە.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو: 600 ملیۆن دینار کە دەکاتە رێژەی %0.3 کۆی گشتی بودجە.

سەبارەت بە بودجەی تەخانکراوی وەزارەتەکانی پیشەسازی و سەرچاوەکانی ئاو و رۆشنبیری و لاوان مشتومرێکی زۆری ناوەتەوە بەهۆی دابینکردنی بڕێکی کەمی بودجە بۆ ئەو وەزارەتانە.



PM:05:16:12/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت