وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌: نرخی‌ نه‌وت بگاته‌ 60 دۆلار به‌های‌ دینار وه‌ك خۆی‌ لێدێته‌وه‌


وێستگه‌ نیوز-
وەزارەتی بازرگانی هه‌رێم ڕایدەگەیەنێت، هەر كاتێك نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 60 دۆلار، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار وەك خۆی لێدێتەوە، دابەزاندنی بەهای دینار كاتییە، هه‌روه‌ها رێكخراوی‌ ئۆپیكیش دەیەوێت بڕیار لەسەر زیادکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ نێو بازاڕەکانی جیهان بدات.


پێشبینی‌ جۆراوجۆر هه‌یه‌ بۆ داهاتووی‌ نرخی‌ نه‌وتی‌ عیراق شاره‌زایانی‌ ئه‌و بواره‌ش به‌پێی‌ تێگه‌شتنیان له‌ نرخ و بارودۆخ پێشبینی‌ جیاواز ده‌كه‌ن له‌ كاتێكدا مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عيراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاندووه‌: "دەکرێت کورتهێنانی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بە چەندین بڕگەی خودی بودجەکە پڕبکرێتەوە، وەک زیادبوونی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، کە دەبنە جێگرەوەی قەرزکردن"، پێشبینیشی کردووە کە نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 65 دۆلار بەرزببێتەوە، "ئەوەش بەهۆی لابردنی کۆتەکان لەسەر گواستنەوە لە ئەنجامی کەمبوونی هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان".

پێشبینییه‌كان جیاوازن له‌ باره‌ی‌ نه‌وت و نرخه‌كان رۆژانه‌ش ئه‌م پێشبینیانه‌ی‌ ده‌كرێت له‌ باره‌ی‌ نه‌وت و نرخه‌كانی‌ دراوه‌ ده‌گۆڕێت به‌پێی‌ رووداوه‌كانیش نرخه‌كان گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ر دێت، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم راگەیاندووه‌، بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عيراق و لە ماوەی رابردوودا چەند توێژینەوەیەك ئەنجام دراوە لەبارەی چۆنێتی جێگیركردنی بەهای دیناری عيراقی و پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە.

وتیشی: "دابەزاندنی بەهای دینار كاتییە و نزیكەی 68 ملیار دۆلاریش لە بانكی ناوەندی عيراق هەیە، پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت لە 2021 دا بەرزببێتەوە، هەر كاتێكیش نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 60 دۆلار، راستەوخۆ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار وەك خۆی لێدێتەوە و نرخی كاڵا و شتومەكیش دادەبەزێت".

رێكخراوه‌كانی‌ نه‌وتیش به‌ده‌رنین له‌ ئه‌نجامدانی‌ گۆڕانكاری‌ له‌ نرخی‌ نه‌وتدا، كه‌ زۆرجار بارودۆخی‌ سیاسی‌ و ئابووری‌ ناوچه‌كه‌ گۆڕانكاریه‌كی‌ به‌رچاو كاریگه‌رییه‌كی‌ زۆرده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و رێكخراوانه‌ یاخود ئه‌و كۆمپانیانه‌ی‌ نه‌وت ده‌فرۆشن كاتێك رێکخراوی ئۆپێک، دەیەوێت بڕیار لەسەر زیادکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ نێو بازاڕەکانی جیهان بدات لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسدا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو زیادکردنە دەدرێت.
 
به‌پێی‌ خشته‌ی‌ بلومبێرك ئه‌مڕۆ نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی‌ برێنت 53.1 دۆلار و نه‌وتی‌ ته‌كساسیش 49.59 دۆلاره‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ دوای‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆناوه‌ یه‌كه‌مجاره‌ نرخی‌ نه‌وت به‌و شێوه‌یه‌ به‌رز بێته‌وه‌، ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ خسته‌ سه‌ر بازاڕی‌ جیهان و به‌ڕاده‌یه‌ك بازاڕی‌ جیهانی‌ تووشی‌ داڕمانێكی‌ ئابوری‌ كرد.

هۆكاری‌ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بەهۆی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئۆپێکە. رێکخراوی ئۆپێک پێشتر رایگەیاندبوو، بەرهەمهێنانی ڤاکسین هیوایەکی دروستکردووە بۆ زیادکردنی ئەو نەوتەی رۆژانە دەخرێتە بازاڕەکانەوە.

هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنانی‌ ڤاكسین هیوایه‌كی‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا درووستكردووه‌ كه‌ به‌ جۆرێك گه‌شه‌ی‌ كردووه‌ له‌چاو گه‌شه‌ی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ كه‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا بڵاوبوه‌وه‌ جیهانی‌ گیرۆده‌ كرد و سه‌رجه‌م كه‌رته‌ پیشه‌سازییه‌كانی‌ وه‌ستاند و كارو باره‌كانی‌ خاوكرده‌وه‌، رێکخراوەکە لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی دوپاتیكردۆته‌وه‌، بەرهەمهێنانی ڤاکسین هیوایەکی دروستکردووە تاوەکو لە چەند مانگی داهاتوودا ئەو زیادکردنە بگاتە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
زۆربه‌ی‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و بۆرسه‌ جیهانیه‌كان هیوایه‌كی‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌ به‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ ئابووری‌ به‌هۆی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ حاڵه‌ته‌كانی‌ كۆرۆناو به‌رهه‌مهێنانی‌ ڤاكسین، بانكه‌كانیش به‌ده‌رنین له‌و چاوه‌ڕوانیه‌ هه‌روه‌ها پێشبینی‌ دۆخه‌كه‌شیان كردووه‌ كاتێك، بانکی جیهانی پێیوایە ئەمساڵ ئابووریی جیهان بە رێژەی 4.4% بەرزدەبێتەوە، بۆیە پێشبینییەکانی ئۆپێک بەم جۆرەن، تا کۆتایی 2021 خواست لەسەر نەوت بگاتە 95 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەمەش ئەندامانی ئۆپێک بتوانن پێنج ملیۆن و 900 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد لە بڕی رۆژانەی 2020 هەناردە بکەن، وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێکیش دەیانەوێت ئەمساڵ رۆژانە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر هەناردە بکەن.
 
سه‌ره‌ڕای‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ كۆرۆنا له‌هه‌ندێك وڵات، به‌ڵام له‌ چه‌ند وڵاتێكیش ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ جیاواز كه‌ تێیدا كۆرۆنا خاسیه‌ت و شێوه‌ی‌ خۆی‌ گۆڕیوه‌، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێیوایە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو دووبارە بووەتە هۆی داخستنی بەشێک لە بازاڕەکان، ئەمەش لەوانەیە خواست لەسەر نەوت کەمبکاتەوە.
 
بەڵام ئۆپێک هیوای لەدەستنەداوە، 13 ئەندامی ئەو رێکخراوە بە سەرکردایەتیی سعودیە و شەش وڵاتی دیکە لە چوارچێوەی ئۆپێک پڵەسدا بە سەرکردایەتیی رووسیا، رازیبوون بەوەی سەرەتای هەر مانگێک کۆبوونەوە سەبارەت بە داهاتووی نەوت و زیادکردنی بەرهەم بەڕێوەببەن.

ئەمە لە کاتێکدایە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس رایانگەیاندووە، چەندین وڵات و سعودیە بە تایبەتی بە هۆشدارییەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی شوبات دەڕوانن، بە جۆرێک رووسیا رایگەیاندووە، ئەگەری هەیە ئۆپێك پڵەس ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل دیکە نەوت کەمبکاتەوە.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ دوێنێ  له‌ بۆرسه‌كانی جیهان نرخی نه‌وتی خاوی برێنت به‌ 51 دۆلار و 80 سه‌نته‌، هاوكات به‌رمێلێك نه‌وتی خاوی ئه‌مریكاش 48 دۆلار و 52 سه‌نته‌.


PM:01:56:04/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو