پەرلەمانتارانی ناڕازی هۆشدارییەکی توند دەدەنە دەسەڵات

‌پەرلەمانتارانی ناڕازی لە پەرلەمانی کوردستان

وێستگەنیوز-

پەرلەمانتارانی ناڕازی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنن، دۆخی خراپی دارایی خەڵکی کوردستان کەبەهۆی سیاسەتی "تاڵانیی نەوت و قاچاخچێتیی سنورەکان" دروستبووە، بەم عەقڵیەتەی حکومڕانی چارەسەرناکرێت و پێویستە بەزوترین کات حکومەتی هەرێم مل بۆ داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بدات، بەپێچەوانەوە "پێشهاتی گەورە و چاوەڕواننەکراو بەرێوەیە".

پەرلەمانتارانی ناڕازی لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایانگەیاند، "لەکاتێکدا ئەمڕۆ هەرسێ پەرلەمانتاری ناڕازیی لە پەرلەمانی کورستان: سیروان بابان، شیرین ئەمین و دیاری ئەنوەر بە نوێنەرایەتیی پەرلەمانتارانی ناڕازیی، بەشداریی جوامێرانەیان کرد لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی شاری سلێمانیی دا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەلاماری هەردو پەرلەمانتار خاتو شیرین ئەمین و کاک سیروان بابان درا".

ئەوەش هاتوە، "ئێمەی پەرلەمانتارانی ناڕازیی لە پەرلەمانی کوردستان، ئیدانەی ئەم پەلامار و دەستدرێژییانە بۆ سەر پەرلەمانتاران و خوشک و برا خۆپیشاندەرەکانمان دەکەین و هۆشداریش دەدەینە دەسەڵاتدارانی هەرێم، کە چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکی کورستان و موچەخۆران و دەربازکردنیان لەم کارەساتە مرۆیی و ئابورییەی بەهۆی سیاسەتی تاڵانیی نەوت و قاچاخچێتیی سنورەکان و کەللەرەقی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە دروستبوە، بەم ئەقڵییەتەی حکومڕانیی چارەسەر ناکرێت و دەبێت مل بۆ داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بدەن، کە ئێمەی پەرلەمانتارانی ناڕازیش وەک هەمیشە لەسەر بەرگریکردن لە مافە رەواکانیان بەردەوامدەبین. دەبێت هەرچی زوە پەلاماردەران  راپێچی دادگا بکرێن و چیتر دادگا و یاسا بۆ خزمەتی تاوان و بڕیارەکانی دەسەڵات بەلارێدا نەبرێن و دەستبەجێ دەستگیرکراوەکانیش ئازادبکرێن."

پەرلەمانتارانی ناڕازی هۆشداریی دەدەنە دەسەڵات و ئاماژەیان بەوەکردوە، " ئەگەر  پەلە نەکات لە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، پێشهاتی گەورە و چاوەڕواننەکراو بەرێوەیە و دواتر چارەسەرکردنی ئاستەم دەبێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە هاوشێوەی دوێنێ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی چین و توێژه‌كان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچو و خۆپیشانده‌ران دروشمی "راپه‌ڕین"یان بەرزکردەوە.

خۆپیشاندەران كه‌ پێكهاتوون له‌ مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران و چین و توێژه‌كانی دیكه‌ داوای هه‌رچی زوه‌ پێدانی موچه‌كانیان ده‌كه‌ن، كه‌ زیاتر له‌ 50 رۆژه‌ وه‌ریان نه‌گرتووه‌.

په‌یامنێری وێستگەنیوز له‌ سلێمانی رایگه‌یاند، له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا گرژی دروستبوە و گازی فرمێسک رێژ دژی خۆپیشانده‌ران بەکارهاتوە.
هـ.هـ


PM:11:37:03/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 5472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو