شاندێکی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات

‌هەولێر و بەغداد پرسی موچە و بودجە تاوتوێ دەکەن

وێستگەنیوز-

ئەمشەو شاندێکی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و بە بەشداری خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغداد و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەکەن و پرسی ناردنی بەشەبودجەی هەرێم و یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدڕاڵ تاوتوێ دەکەن.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکی تایبەتدا بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەمشەو بەندە بەسەرۆکایەتی وەفدێک و بەبەشداری خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغداد و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێم دەچێتە بەغداد".

پەیوەست بە بەرنامەی کاری شاندی دانوستانکار و تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەکرد، "سبەی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبینەوە و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن لەگەڵ وەفدی حکومەتی عێراق".

بەگوێرەی زانیارییەکانی وێستگەنیوز بەرنامەی کاری شاندی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دەبینێتەوە لەدوو پرس ئەوانیش: گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق لەبارەی ناردنی پشکی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم، کەبەگوێرەی یاسای قەرز راگیراوە و حکومەتی عێراق پابەندکراوە بە رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێم بەرامبەر ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە.

تەوەری دووەمی سەردانی شاندەکە تایبەت دەبێت بەگفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 کە بڕیارە لەچەند هەفتەی داهاتوودا رەوانەی پەرلەمان بکرێت، شاندی هەرێم خواستی ئەوەی هەیە گفتوگۆیەکی گشتگیر و درێژخایەن لانی کەم تاکۆتایی ساڵی  2021  لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ ئەنجام بدات بۆ ئەوەی هەموو مانگێک توشی گرفت و ناردن و راگرتنی پشکەکەی لەلایەن بەرپرسانی عێراق نەبێتەوە.

هـ.هـ


PM:10:06:03/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 8632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو