لەتیف مستەفا: دادگای تەمیز و ئەنجومەنی دادوەری کوردستان دابەش بوون

‌لەتیف مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستوریی و ئەندامى خولى پێشوترى پەرلەمانی عێراق

وێستگەنیوز-

پسپۆڕێکی یاسای دەستوریی و ئەندامى خولى پێشوترى پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەئێستادا بەهۆی ناکۆکی نێوان دادوەروانی دادگای تەمیز و ئەنجومەنی داداوەری کوردستان لەسەر "کەیسێکی نێوان کۆمپانیایەکی قەبەی سەربەدەسەڵاتی زەرد لەگەڵ کۆمپانیایەکی ھاوشێوەی سەربەدەسەڵاتی سەوز" ناکۆکی قوڵ دروست بووە، داواش دەکات ئەنجومەنی دادوەری لە ململانێی حزبەکان دوربخرێتەوە.

لەتیف مستەفا، پسپۆڕی یاسای دەستوریی و ئەندامى خولى پێشوترى پەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "بە داخەوە ئەوەی پێشبینیمان دەکرد و دەستمان لەکارکێشایەوە بۆی خراپتر رویدا، لە ئێستادا بەھۆی ناکۆکی لەسەر کەیسێکی نێوان کۆمپانیایەکی قەبەی سەربەدەسەڵاتی زەرد لەگەڵ کۆمپانیایەکی ھاوشێوەی سەربەدەسەڵاتی سەوز و یەکلایی کردنەوەی کەیسەکە بەیەک دەنگ لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکەی دەسەڵاتی زەرد و ھەندێ کێشەی تری پەراوێزخستنی دادوەرانی سنوری سلێمانی  لە ئەندامانی دادگای تەمییز، ناکۆکی قوڵ دروست بوەو بە ھاندان و پشتگیری بەرێز جێگری سەرۆکی حکومەت دادوەرانی سنوری سلێمانی لەدادگای تەمیز مانیان گرتوەو کەیسەکان نابینن و ئێستا یەکێتی دەیەوێت ئەو باری لارەی لەدادگای تەمییز راست بکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستا ئەوەی لێی دەترساین رویداو تەنانەت باس لە دولەت کردنی دادگا تەمیزو ئەنجومەنی دادوەریش دەکرێ کە ئەوە کاریسەیەکی ترە چونکە ئەگەر ھەموو دەزگاکانی تر دولەت ببن و بەحیزبی بکرێن دەبێ دادگا بە یەکگرتوویی و بێلایەنی بمێنێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر ھەمووحیزبەکان بەتایبەتی ئەوانەی دەسەلاتی راستەقینە نین لەپایتەخت  ھەول بدەن ئەنجومەنێکی دادوەری لە دادوەران  سەربەخۆو بێلایەن و ئازا دروست بکرێ نەک لەسەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی، ئەگەر وایان کرد سودمەندی یەکەم خەلک و ئەو حیزبانەشن لەگەلیاندا کە دەسەلاتی راستەقینە نین لە پایتەخت".

لەتیف مستەفا داواش دەکات ھەمووان پێدابگرن کە پێویستە ئەنجومەنی دادوەری و دادگای تەمیزو سەرۆکی دادگاکان لەسەر بنەما "شایستەیی و ئەقدەمیەو بێلایەنی بێ ئەوا ھەموان سود مەند دەبن . ھەقی خۆشیەتی و کاتیشیەتی ھیچ نەبی دەسەلاتی دادوەری بکرێتەوە بەدەسەلاتی دادوەری ئەگەر بەراستی دەیانەوێ سنورێک بۆ ئەم داڕوخانەی ھەرێم دابنێن".


دەقی نوسینەکەی لەتیف مستەفا:

دادگای تەمیزی کوردستان دابەش بوو

بە داخەوە ئەوەی پێشبینیمان دەکرد و دەستمان لەکارکێشایەوە بۆی خراپتر رویدا
لە ئێستادا بەھۆی ناکۆکی لەسەر کەیسێکی نێوان کۆمپانیایەکی قەبەی سەربەدەسەلاتی زەرد لەگەڵ کۆمپانیایەکی ھاوشێوەی سەربەدەسەلاتی سەوز و یەکلایی کردنەوەی کەیسەکە بەیەک دەنگ لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکەی دەسەلاتی زەرد و ھەندێ کێشەی تری پەراوێزخستنی دادوەرانی سنوری سلێمانی  لە ئەندامانی دادگای تەمییز ناکۆکی قوڵ دروست بوەو بە ھاندان و پشتگیری بەرێز جێگری سەرۆکی حکومەت دادوەرانی سنوری سلێمانی لەدادگای تەمیز مانیان گرتوەو کەیسەکان نابینن

ئێستا یەکێتی دەیەوێت ئەو باری لارەی لەدادگای تەمییز راست بکاتەوە
بەداخەوە ئەمە دەرەنجامی سروشتی بەحیزبی کردنی دادگایە بەتایبەتی لە ١٢/٦/٢٠١٨ کە ھەردولا واتە یەکێتی و پارتی رێککەوتن ئەو ١٠ ئەندامەی دادگا تەمییز کە پۆستەکانیان چۆڵ ببوو بەھۆی خانەنشینیەوە ، بڕیاریاندا فیفتی فیفتی جێگاکانیان پڕ بکەنەوە، پێنج دادوەر لەسنوری ئەولاو پێنج دادوەریش لەسنوری ئەملا

ئێمە دەرەنجامی مەترسی ئەو کارەمان دەزانی ، بۆیە نامەمان نارد بۆ ئەنجومەنی دادوەری لە رێگای بەرێز سەرۆک دادگای تێھەلچونەوەی ئەوسای سلێمانی ، نامەشمان نارد بۆ سەرۆکی ھەرێم کە ئیمزای ئەو دامەزراندنانە نەکات ونەچێتە ژێر بەرپرسیاریەتێکی مێژوویی و وا مەترسیدارەوە، پەیامێکیشمان بۆرای گشتی بلاو کردەوە.
بەلام بەداخەوە گوێیان لێ نەگرتین و کارەکەیان ئەنجامدا ،سەرەنجام ئێمە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیشدا دەستمان لەکار کیشایەوەو بۆ خەلکمان رونکردەوە
دیارە من ئەوکاتیشو ئێستاش ھیچ ئیعترازێکم لەسەر شەخسی ئەو دە دادوەرە بەرێزە نەبوەو ھەمویان ھاوپیشەم بوون و خەلکی باشو بەرێزن ، بەلام  گلەیی و رەخنەکەم لەسەر میکانیزمی دیاری کردنی ئەو دە پۆستە بوو بەشێوەی پشکپشکێنە لەنێوان ھەردوو دەسەلاتی ئەمبەرو ئەو بەر، چونکە دەمزانی کارێکی لەوجۆرە دەرنجامی کارەسات باری لێ دەکەوێتەوە
وە ھیچ بەرژەوەندیەکی شەخسیشم نەبوو چونکە خۆم بەتەمای ھیچکام لەو پۆستانە نەبوم بەبەلگەی ئەوەی داواکاریشم پێشکەش نەکردبوو لەکاتێکدا لە ھەشت دادوەریان ئەقدەم تر بوم و ھەموو مەرجەکانیشم تێدابوو

ئێستا ئەوەی لێی دەترساین رویداو تەنانەت باس لە دولەت کردنی دادگا تەمیزو ئەنجومەنی دادوەریش دەکرێ کە ئەوە کاریسەیەکی ترە چونکە ئەگەر ھەموو دەزگاکانی تر دولەت ببن و بەحیزبی بکرێن دەبێ دادگا بە یەکگرتوویی و بێلایەنی بمێنێتەوە
بۆیە پێویستە لەسەر ھەمووحیزبەکان بەتایبەتی ئەوانەی دەسەلاتی راستەقینە نین لەپایتەخت  ھەول بدەن ئەنجومەنێکی دادوەری لە دادوەران  سەربەخۆو بێلایەن و ئازا دروست بکرێ
نەک لەسەر بنەمای پشک پشکێنەی حیزبی
ئەگەر وایان کرد سودمەندی یەکەم خەلک و ئەو حیزبانەشن لەگەلیاندا کە دەسەلاتی راستەقینە نین لە پایتەخت.

بەلام ئەگەر دوبارە ھەول بدەن لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی حیزبی چارەسەری کیشەکە بکەن ئەوا خۆیان و خەلکیش و دادپروەریش زەرەر مەند دەبن ، چونکە ئەو شتە ھەمان دەرەنجامی پێشوی دەبێت ، تەنانەت ئەگەر ھەموو ئەنجومەنەکەو دادگای تەمیزیش  لە دادوەرانی سەربە حیزبەکانی دەرەوەی دەسەلاتی پایتەخت بن تەنھا سەرۆک سەربەدەسەلاتی پایتەخت بێ دوبارە کۆنترۆلی داداگاو ئەنجومەنی دادوەری بۆ حیزبی بالا دەستی پایتەخت دەبێ و ھیچ جیاوازی نابێ لەوەی ئێستا ھەیە

بەلام ئەگەر ھەموو پێدابگرن کە پێویستە ئەنجومەنی دادوەری و دادگای تەمیزو سەرۆکی دادگاکان لەسەر بنەما شایستەیی و ئەقدەمیەو بێلایەنی بێ ئەوا ھەموان سود مەند دەبن . ھەقی خۆشیەتی و کاتیشیەتی ھیچ نەبی دەسەلاتی دادوەری بکرێتەوە بەدەسەلاتی دادوەری ئەگەر بەراستی دەیانەوێ سنورێک بۆ ئەم داڕوخانەی ھەرێم دابنێن


PM:09:57:03/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 3332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت