به‌رهه‌م ساڵح: جەختدەکەینەوە لەگرنگی ھەڵبژاردنێکی دوور لە ساختەکاری


وێستگه‌ نیوز-
سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، جەخت دەکەینەوە لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و پێویستی رەخساندنی دۆخێکی لەبار و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی. 

ئه‌مڕۆیه‌كشه‌ممه‌ 29ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2020، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق لەکۆشکی سەلام لە بەغدا لە دوو دیداری جیادا پێشوازیکرد لە هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی و خالید مفرجی پەرلەمانتارانی عیراق.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار، لەو دوو دیدارە جیاوازەدا پشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وڵات و گرنگی رۆڵی دامەزراوەی یاسادانان لە دەرکردنی یاسا پێویستەکانی پەیوەند بە دۆخی گشتی وڵات گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

لە راگەیەندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، جەختکرایەوە لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و پێویستی رەخساندنی دۆخێکی لەبار و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و زامنکردنی پاک و بێگەردی و رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ.

هەر لە میانی ئەو دوو دیدارەدا گفتوگۆکرا سەبارەت بە دۆخی ئابوری وڵات و گرنگی کارکردن بۆ زامنکردنی ئابوری نیشتیمانی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی لەپێناو بەرەنگاربونەوەی قەیرانی دارایی کە لە ئێستادا وڵات روبەڕوی دەبێتەوە لە دەرەنجامی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی جیهانی نەوت.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ جەختیشکراوه‌ته‌وه‌ لە پێویستی پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت و بەهێزکردنی وەبەرهێنان لە وڵات و رەخساندنی دەرفەتی کار.


PM:06:44:29/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 3064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت