لیسته‌كه‌ی مالیكی و حه‌كیم رازین كازمی 320 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت


وێستگه‌ نیوز ـ

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ره‌زامه‌ندی هه‌ردوو فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی و هاوپه‌یمانی فه‌تح، به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌مار حه‌كیم به‌ ده‌ستهێناوه‌ بۆ ناردنی 320 ملیار دیناره‌كه‌ی هه‌رێم بۆ مانگی 10 و تا ئێستا هاوپه‌یمانی نه‌سرو سائیرون دژی ناردنی ئه‌و پاره‌یه‌ن.


مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق باسی دوایین هەوڵەکانی خۆی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کردووە و بەڵێنی داوە بەمنزیکانە 320 ملیار دینار وەک مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق رایگه‌یاند: "مستەفا کازمی بۆی روونکردوەته‌وە، زۆر هاوسۆزە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، ئەو فەرمانبەرانی ھەرێم وەک فەرمانبەرانی عیراق سەیردەکات، دەشڵێت ئەوەی ئێمە دەیدەینە ھەرێم زۆر کەمترە لە مافی خۆیان".

كازمی به‌ به‌شیر حه‌دادی وتووه‌: بەڵام ئەو دەنگە ناڕەزاییانەی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان رێگرە، چونکە کوتلەیەکی گەورەی نییە پاڵپشتیی بکات لە پەرلەمان، بۆیە دەیەوێت رەزامەندیی لایەنەکان وەربگرێت. وتیشی لەو چەند رۆژەی رابردوو و ئەمڕۆ و سبەینێش لەگەڵ ھەموو سەرکردە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە بۆئەوەی رازییان بکات بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ھەرێم.
 
به‌پێی زانیارییه‌كان ئەو لایەنانەی تا ئێستا کازمی رەزامەندیی لێوەرگرتوون بۆ ناردنی 320 ملیار دیناری ھەرێمی کوردستان، دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی و رەوتی حیکمەی عەممار حەکیمە، لەلایەکی دیکەشەوە پەرلەمانتارانی نەسری حەیدەر عەبادی و سائیروونی موقتەدا سەدر تا ئێستا دژی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانن.
 
محەممەد غەزی، پەرلەمانتاری سائیروون دەڵێت "سەرۆکوەزیران ناتوانێت ئەو پارەیە رەوانەبکات بەبێ ھەبوونی چەترێکی یاسایی، ئێستاش ھیچ رێگایەکی یاسایی نییە بۆ ناردنی ئەو پارەیە، تەنیا ئەوە نەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان داھاتەکانی رادەست بکات، بێگومان پەرلەمان ھەڵوێستی دەبێت، دەبێتە ھۆکارێک بۆ لێپرسینەوەی سەرۆکوەزیران، چونکە پێچەوانەی یاسایە".
 
لە کۆبوونەوەی 12ی ئەم مانگەدا لە پەرلەمانی عیراق لایەنە شیعە و سووننەکان بەبێ کورد پرۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی 2020یان پەسه‌ندکرد، کە بە یاسای قەرز ناسراوە و ناردنی پارەش لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان مەرجدار کراوە.


AM:08:56:27/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 21888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت