داناغاز: بەرهەمهێنانی غازمان بەرزکردووەتەوە

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
کۆمپانیای داناغاز ئەمرۆ چوارشەممە رایگەیاند، قەبارەی بەرهەمهێنانی غازیان لە هەرێمی کوردستان بەرزکردووەتەوە بۆ رۆژانە 418 ملیۆن پێ سێجا.

 
کۆمپانیاكه‌ کە بەرێژەی سەدا 35 هاوبەشە لە کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم رایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆمۆر لە هەرێمی کوردستان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 6% بەرزبووەتەوە.
 
داناغاز هەروەها جەختلەوەدەکاتەوە لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ کۆی بەرهەمەکانیان بەرزکردووەتەوە بۆ رۆژانە 32 هەزار و 400 بەرمیل هاوتای نەوت.
 
مەبەست لە بەرمیل هاوتای نەوت، قەبارەی هەموو بەرهەمەکانی کۆمپانیاکەیە بە پێوەری بەرمیل بە غازی سرووشتی، غازی شلکراو و غازی شل یان کۆندێنسەیت.
 
دکتۆر پاتریک ئالمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری داناغاز رایگەیاند، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەتایبەتی لەم کاتانەدا کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ژینگەی کارکردن ئەستەم بووە، دەستکەوێێکی مەزنە بۆ کۆمپانیاکە.
 
دکتۆر پاتریک هەروەها رایگەیاندووە کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و داخرانی سنوورەکان و هەروەها قەدەغەی هاتوچۆ پلانی پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز بە بڕی 250 ملیۆن پێی سێجای رۆژانە دواکەوتبوو، بەڵام لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئامادەکارییەکان دەستپێدەکەن و کارەکانی پەیوەست بە ئەندازیاری شارستانی دەستپێدەکەنەوە.
 
کۆمپانیای داناغاز لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەکانیاندا بە دوو قۆناخ. لە قۆناخی یەکەمدا کۆمپانیای داناغاز لەسەریەتی قەبارەی بەرهەمهێنانی گاز بە بڕی 250 ملیۆن پێی سێجا بەرزبکاتەوە.

بەرزکردنەوەی غازی سرووشتی بەو رێژەیە تەواوی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بە غازی سرووشتی بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا پڕدەکاتەوە.
 
لە قۆناخی دووەمی پەرەپێدانی کیڵگەکانی کۆمپانیای داناغاز بریارە 250 ملیۆن پێی سێجای دیکە بە قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی زیادبکات و کۆی بەرهەمەکەی بەرزبکاتەوە بۆ 900 ملیۆن پێی سێجا تاوەکو یه‌ك ملیار پێی سێجا کە بەپێی کۆمپانیاکە دەکرێت لە پیشەسازییەکانی دیکە بەکاربهێنرێت، یان هەناردەی بەشەکانی دیکەی عیراق و دەرەوە بکرێت.
 
بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ئەمریکا ئەو مۆڵەتەی کەمکردەوە کە بە حکومەتی عیراقی دابوو بۆ کڕینی سووتەمەنی لە ئێران.

بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت بەغدا دەتوانێت سوود لە غازی هەرێمی کوردستان وەرگرێت و وەک بەدیلێک بۆ هاوردەی وزە لە ئێرانەوە بەکاریبهێنیت.
 
مارک مینیزیس، جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێک کە لەلایەن ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا-عیراق رێکخرابوو، وتی: "تا کوردستان زیاتر پەرە بە سەرچاوە گازییەکان بدات، عیراق دەتوانێت کەمتر پشت بە غازی ئێرانی ببەستێت".
 
مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە پانێلێکی رۆژی یەکەمی کۆنفرانسە دوو رۆژییەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد رایگەیاند: "هیواخوازین ببینە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی غاز و هەناردەکردنی غاز بۆ بەشەکانی دیکەی عیراق و دەوروبەری." مەسروور بارزانی ئەوەشیوت کە ئێستا هەرێمی کوردستان کارەبا دەداتە بەشەکانی دیکەی عیراقیش.
 
هەولێر و بەغدا لە نیسانی ئەمساڵ گفتوگۆیان لەبارەی رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنی غاز لە هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێکی کۆنکریتی و رێککنەوتنەکەش بۆ ناکۆکییەکان لەسەر نەوت و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان گەڕێندرانەوە.
 
بەهۆی قەیرانی کارەبا کە چەندین خۆپیشاندانیان بەدوادا هاتووە، عیراق ناچاربووە پشت بە کارەبا و غازی ئێران ببەستێت.
 
عیراق دووەم گەورەترین سوتێنەری غازە لەدوای رووسیا، بەگوێرەی ئامارێکی بانکی جیهانی کە لە تەمووزی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، لە 2019دا عیراق بڕی 18 ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندوە.
 
ئەگەر بەهۆی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس نەبێت، عیراق زۆر لەمە غازی زیاتر دەسوتێنیت.


PM:12:51:25/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت