بەلجیکا ئەو ئەفسەرە دادگایی دەکات کە له‌ 2018 دا منداڵێكی له‌ هه‌رێم كوشت

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
دادگای بەلجیکا پرۆسەی دادگاییکردنی ئەفسەرێکی پۆلیسی ئەو وڵاتەی دەستپێکرد کە تۆمەتبارە بە کوشتنی کچێکی تەمەن دوو ساڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ساڵی 2018 لەناو پاسێکدا لە برۆکسل کوژرا.


مانگی ئایاری 2018، پاسێک بە رێگاوە بوو بەرەو کەناراوەکانی بەلجیکا، مەودا سەوری و دایک و باوکی و برایەکی لەگەڵ نزیکەی‌ 25 کۆچبەری تر لە ناو پاسەکەدا بوون، دەیانویست بەرەو بەریتانیا بچن، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە تەقەیان لێ کراوە و مەودا کە تەنها تەمەنی دوو ساڵ بوو بەهۆیەوە گیانی له‌ ده‌ستدا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، دادگایی کردنەکە دوێنێ دووشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2020، لە بەلجیکا دەستیپێکرد، جگە لە ئەفسەرەکە، دوو کۆچبەری تری کورد کە یەکێکیان شۆفێری ئەو پاسە بوو مەودای تیادا کوژرا بە تۆمەتی رێبەریکردن و قاچاخچییەتی دادگایی دەکرێن.

دادگا ناوی ئەفسەرەکەی ئاشکرا نەکردوو بەڵام ئەوە زانراوە کە تەمەنی 48 ساڵە و خاوەنی سێ منداڵە، هەشت ساڵ ئەزمونی لە کەرتی پۆلیسیدا هەیە.

ئەو ئەفسەرە وتوویەتی کە نیازی هەبووە تەقە لە تایەی پاسەکە بکات بۆ ئەوەی‌ بوەستێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی‌ زۆر خێرا بوو، گولـلەکە پەڕیوە و داوێتی لە مەودای دوو ساڵان، هەرچەندە هەوڵ دراوە مەودا بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بەڵام لەناو ئەمبوڵانسەکەدا مردووە.

#دادپەروەری_بۆ_مەودا
لە تویتەر کەمپەینێک بەناوی #دادپەروەری_بۆ_مەودا لەلایەن چەندین چالاکی داکۆکیکردن بە مافی کۆچبەران و پەنابەران راگەیەنرا و داوای وەرگرتنی مافی مەودا دەکەن و چەندین ڤیدیۆ و وێنەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن "سیاسەتی کۆچی بەلجیکا خەڵکی دەکوژێت".

بەپێی گێڕانەوەکان، مەودا لەگەڵ دایک و باوکی لەدوای شۆفێرەکەوە سوار بوون، فیشەکەکە بەر سەری مەودا کەوتوو و لەناو ئەمبوڵانسدا لە رێگادا بۆ نەخۆشخانە گیانی له‌ ده‌ستداوه‌.

لە کۆتاییدا شۆفێری پاسەکە توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە بەریتانیا، بەڵام نیسانی ساڵی 2019 بەریتانیا رادەستی بەلجیکای کردەوە و لەئێستادا بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی کۆچبەران دادگایی دەکرێت.

سەرچاوە: euronews


PM:01:59:24/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت