كۆمەڵی ئیسلامی داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی هەرێم دەكات

‌عەبدولستار مەجید

وێستگە نیوز- سروە ئەحمەد

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە ئەركەكانی جێبەجێ بكات، باشتر وایە دەستلەكاربكێشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بۆ نموونە شەش ساڵە پڕۆژە یاسای بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان و حیسابی خیتامی نییە، بۆیە پێویستە ئەم حكومەتە دەستلەكاربكێشێتەوە و هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت.

ناوبراو پێیوایە پەرلەمانی كوردستانیش نەیتوانیوە بەئەركە سەرەكییەكانی خۆی هەستێت  كە یاسادانان و چاودێریكردنی كارەكانی حكومەتە و ئاماژەی بەوەكرد، لە وەرزی رابردوودا تەنها چوار پڕۆژە یاسا پەسەند كراوە، لەبری ئەوەی چاودێری حكومەتیش بكات، هەندێجار حكومەتی هەرێم چاودێری پەرلەمانی كردووە و تەنانەت لێپرسینەوەشی كردووە، هۆكاری ئەوەشی پەرلەمانی كوردستان بەو شێوەیەی لێهاتووە سستی دەستەی سەرۆكایەتییە، ئەگینا پەرلەمانتاری باش و ئەكادیمی تێدایە.

ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی ئیسلامی روونیكردەوە، پەرلەمانی كوردستان كە دەبوو مەرجەعی باڵای هەرێم بێت، بەڵام بەو شێوەیە نییە، بۆ نموونە دانوستانی هەرێمی كوردستان و بەغدا هەندێجار حیزب كردوویەتی یان حكومەتی هەرێم، بەڵام پەرلەمان فەرامۆشكراوە و دوای فشارێكی زۆر، لیژنەی دانوستان هاتوونەتە پەرلەمان بۆ روونكردنەوەی بابەتەكان.


PM:04:57:21/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 1448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت