تویتەر: هەژماری سەرۆکایەتی ئەمریکا رادەستی بایدن دەکەین


وێستگه‌ نیوز ـ
تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لە رۆژی سوێندخواردنی جۆ بایدندا وەک سەرۆکی ئەمریکا  لە 20ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، بەڕێوەبردنی هەژماری فەرمی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە رادەستی ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی دەکات.

ئەمڕۆ شەممە 21ی تشرینی دووه‌می 2020، تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، هەژماری "POTUS" هەژمارێکی فەرمی سەرۆکی ئەمریکایە، کە جیاواز و سەربەخۆیە لە هەژماری کەسیی دۆناڵد ترەمپ خۆی کە رۆژانە تویتی تێدا بڵاودەکاتەوە.

هاوکات، ماڵپەڕی CNN ی ئەمریکی لە زاری  نێك باسیلیۆ، وتەبێژی فەرمی کۆمپانیای تویتەرەوە رایگەیاند، دەیان هەژماری تری کۆشکی سپی رادەستی کەسە نوێیەکانی ناو پۆستەکانی ئیدارە نوێیەکە دەکرێن، لە نێویشیاندا هەژماری "FLOTUS" کە تایبەتە بە هاوسەری سەرۆکی ئەمریکا و "PressSec" تایبەت بە وتەبێژی کۆشکی سپی.

باسیلیۆ ئاماژەی بەوەشدا، تویتەر ئامادەیە پشتیوانی لە رادەستکردنی هەژمارەکانی کۆشکی سپی لە 20ی کانونی دووەمی 2020 بکات، هەروەکچۆن لە ساڵی 2017 لەکاتی رادەستکردنی ئیدارەکە بە دۆناڵد ترەمپ هەمان هەنگاویان ناوە.

دەشڵێت، ئەم پرۆسەیە بە راوێژکردن لەگەڵ ئیدارەی دۆسییەکان و تۆمار و ئەرشیفەکانی نیشتیمانی ئەنجامدەدرێت.

لە رۆژی 3ی ئەم مانگەدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا بەڕێوەچوو، سێ رۆژ دوای هەڵبژاردنەکەش لە میدیاکانەوە سەرکەوتنی جۆ بایدن راگەیەندرا، بەڵام تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ ئەو ئەنجامانەی پەسەندنەکردووە.


PM:12:55:21/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو