د. میران محەمەد: یەکێتی پرسی تەندروستی و کۆرۆنای خستوەتەپێش هەموو پرسەکانی دیکە

‌د. میران محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

وێستگەنیوز-

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، حزبەکەیان لەکاتێکدا دۆخی کوردستان و تەندروستی هاوڵاتیان پێویستیکردوە ئەوەندەی لەتوانادابێت پشتیوان و هاوکاربوە و یەکێکە لەو حزبانەی هەموو جوڵە و چالاکییەکانی تایبەتکردوە بە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، هەروەها "یەکێتی گەشتی فراوانی پڕکردنەوەی کەموکورتیەکانی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنای ئەنجامداوە".

د. میران محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "ئەگەرچی هێشتا مەترسیەکانی کۆرۆنا  زۆرە بەڵام مایەی خۆشحاڵیە کە لەهەندێک ناوچەی وەک گەرمیان و راپەڕین ئامارەکانی گیانلەدەستدان لەدابەزینی بەرچاودایە، ئەگەر بۆ هەموو جیهان کۆرۆنا کارەسات و تەحەدیەکی گەورەبوبێت ئەوا بۆ باردۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کارەساتەکە گەورەتر و جەرگبڕترە، رۆژێگارێکی تاریکە و ئەو خەڵکە لەهەموو کات پێویستی بە دەستگیرۆیی زیاترە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "حزبەکانیش کە ئێستا خەڵکێکی زۆر لێیان نائومێدە و بەردەوام بەڵێنەکانی بانگەشەیان دەداتەوە بەڕوودا  کەمتر لەوەی پێویست بوو گرنگیان بە کۆرۆنا و خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی دەدا کە مرۆڤ بە ئاسانی هەستی دەکرد گەر کۆرۆنا لەوادەی هەڵبژاردنەوە نزیکتر بوایە بەدڵنیاییەوە ئێستا بارودۆخی نەخۆشخانە و خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانی کۆرۆنا باشتر دەبوو، هیوادارم بە منەت کردن لێم تێنەگەن گەر بڵێم خۆشحاڵم کە سەرکردایەتیە نوێیەکەمان لە یەکێتی لە چەند مانگی رابردوودا بێ ئەوەی هەڵبژاردنێک لە ئارادابێت وراستەوخۆ بە سەرپەرشتی کاک لاهور هاوسەرۆکی یەکێتی گەشتی فراوانی پڕکردنەوەی کەموکورتیەکانی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنامان ئەنجامداوە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەوەشی خستوەتەڕو، "دەربەندیخان بەتایبەتی و گەرمیان و ڕاپەڕین کە دەوترا زۆرترین مەترسیان لەسەرە هەرزوو بە هاوسەرۆکی یەکێتی و تیمی سەرکردایەتیمان خۆی گەیاندە ئەوێ و بەهەمان شێوە بۆ هەڵەبجە و راپەرین و ناوچەکانی تر بە چەشنێک کە ئێستا ئامارەکانی ئەو شوێنانە سوپاس بۆ خوا باشترە بەوجۆرەبوو کە یەکێتی پرسی تەندروستی و کۆرۆنای خستە پێش هەموو پرسە سیاسیەکانی تر و پێش هەر کۆبونەوە و چالاکیەکی دیبلۆماسی سەرکردایەتی نوێ لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی چارەسەری کۆرۆنادا کاتەکانی بەسەردەبرد".

باسی لەوەشکردوە، "هەموو ئەمانە تروسکایەکی ئومێدە کە لەم مەترسیە جیهانیەدا توانیبێتمان خزمەتێکی کەم بەبێ هیچ بەرژەوەندی و موزایەداتێک و  بە رەفتار نەک بە گوفتار ببینە مایەی خزمەتێک، سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان و هەموو ئەو ئازیزانەمان کە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و نزا بۆ چاکبونەوەی نەخۆشەکانمان دەکەم".


PM:10:43:29/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت