پەرلەمانتارێکی گۆڕان: جوڵانەوەکەمان بۆ چەند پۆستێکی بچوک بەرنامەکەی کردەقوربانی

‌بزوتنەوەی گۆڕان

وێستگەنیوز-

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە خولی پێشوی پەرلەماندا بزوتنەوەکەیان قوربانی بە پۆستە باڵاکانی پەرلەمان و حکومەتدا لەپێناوی فکر و بەرنامەکانی، بەڵام لەئێستادا جوڵانەوەکەیان بۆ چەند پۆستێکی بچوک بەرنامەکەی کردوەتە قوربانی.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە باسی لەوەکردوە، "پۆست و پۆست و پۆست؟! خولی رابردو گۆڕان قوربانییدا بە پۆستی باڵای سەرۆکایەتیی پەرلەمان و چەندین وەزارەتی گرنگ لە پێناوی بەردەوامبون لەسەر رێگا و بنەما فکرییەکانیی".

ئاماژەی بەوەشکردوە، " بەڵام ئەم خولە پێچەوانەکەی دەکات، قوربانیدان بە ئامانج و بەرنامەی سیاسیی بۆ چەند پۆستێکی بچوک و رەمزی کە زۆرینەیان گرێبەستن!".

لەچوارچێوەی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پڕکردنەوەی پشکی لایەنەکان، ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان حەوت پۆستی راوێژكارو شارەزای لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت وەرگرت.

کاوە عەبدوڵا، رێکخەری ژوری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان لەچوارچێوەی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پڕکردنەوەی پشکی لایەنەکان، حەوت پۆستی راوێژكارو شارەزای دیکەی لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت وەرگرتوە و سەرجەم پۆستەکانیش بە کاندیدی ژن پڕکراونەتەوە.




PM:09:41:29/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت