په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ و گفتوگۆ له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌كانی تیمی حكومه‌ت ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

بڕیاره‌ سبەینێ سێشەممە په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه‌ و له‌ بڕگه‌یه‌كی دانیشتنه‌كه‌یدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرساندن و وه‌ڵامه‌كانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی و وه‌زیری دارایی بكات.

پەرمانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد كه‌ كاتژمێر 2ی پاشنیوه‌ڕی سبەی سێشەممە، 27ی تشرینی یەكەمی 2020 كاتژمێركۆبونه‌وه‌ی خۆی ساز ده‌كات و له‌كارنامه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌شدا چه‌ند ته‌وه‌رێك باس ده‌كرێن.

دیارترین ته‌وه‌ری كۆبونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێی په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆكردنه‌ له‌سه‌ر پرساندن و وه‌ڵامه‌كانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی و وه‌زیری دارایی و ئابووری كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردودا وه‌ك تیمی حكومه‌ت سه‌ردانی په‌رله‌مانیان كرد.

تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەش تایبەتە بە خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پێشنیازی یاسای پاراستنی تۆڕو بنچینه‌كانی ئاوو ئاوه‌ڕۆ و پێشنیازی یاسای به‌رێوه‌بردن و پاراستنی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان.

هه‌رلە دانیشتنەكەی سبه‌ینێدا عومەر عەبدوڵا فەتاح وەك ئەندامی پەرلەمان له ‌لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (28، 34) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان دادەنرێت.

رۆژی دووشه‌ممه‌ 5ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، بە ئامادەبوونی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و چەند وەزیرێک، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی رونكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر چه‌ندین پرسی تایبه‌ت به‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و عیراق دا و په‌رله‌مانتارانیش سه‌رج و پرسیاره‌كانیان ئاراسته‌ی تیمی حكومه‌ت كرد.

لە دوای کۆبونەوەکەش، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان لە هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر نوسیویەتی، پەیوەندیی بەهێزمان لەگەڵ پەرلەمان یارمەتیدەربووە بۆ بەرەوپێشبردن و جێبەجێکردنی ئەجێندای کابینەکەی. 
 
مه‌سرور بارزانی جەختیشی لە رۆڵی پەرلەمان لە چاودێریی کارەکانی حکومەت كردوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت "هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ته‌ئكیدمان له‌سه‌ر رۆڵی سه‌ره‌كیی په‌رله‌مان له‌ چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت كردوه‌ته‌وه‌".


PM:03:55:26/10/2020




ئه‌م بابه‌ته 1720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو