وەزارەتی ناوخۆی هەرێم شێوازی پێبژاردنی چەند سزایەکی بڵاوکردەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پێبژاردنی سزای ئاهەنگ و چوونە سەرقەبران و دانانی پرسە و نەبەستنی ماسکی لە شوێنە گشتییەکان بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە، ئەوانەی ئەم سزایانە دەیانگرێتەوە بە پسوڵە لێیان وەردەگیرێت و لە 50٪ی داهاتی پێبژاردنەکەش بۆ ئەو کەسەیە کە کاری پێبژاردنەکە دەکات.


دەقی بڕیارەكان:

1- ئەو لایەنانەی کە لە بڕگەی شانزەیەم - یەکەمی بەیانی 52 ئاماژەی پێدراوە بە پسوولەی 38/ا پارەکە وەردەگیرێت.

2- وێنەی یەکەم لە پسوولە دەدرێت بە کەسی سەرپێچیکار.

3- ئەم بڕە پارانە کە وەردەگیرێت لە ژمێریاری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان وەک ئەمانەت هەڵدەگیرێت.

4- مانگانە لیستێک بەناوی ئەو کەسانەی کە کاری پێبژاردنەکان دەکەن رەوانەی وەزارەت دەکرێت بە مەبەستی خەرجکردنی هاندان بۆیان بە رێژەی 50٪ لە داهاتی پێبژاردن.

5- 50٪ی داهاتی پێبژاردنەکان خەرجدەکرێت بۆ کڕینی پێداویستی خۆپاراستن بەپێی ئەو لیستەی لەلایەن پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەنێردرێت بۆ وەزارەت.

لەبارەی شاییکردن و چوونە سەرقەبران و دانانی پرسە، وەزارەتی ناوخۆی ئاماژەی بەوەکردووە، کە قەدەخەکردنی داوەت و شایی و چوونە سەرقەبران و دانانی پرسە بەردەوام دەبێت و بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن و هەر کەسێک پابەندنەبێت بڕی دوو ملیۆن دینار پێبژاردنی پێ دەکرێت.

لەبارەی بەستنی ماسکیشەوە لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر کەسێک ماسک نەبەستێت بەپێی رێکارەکانی ئەم بەیانە بە بڕی 20 هەزار دینار سزادەدرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 24ی ئەم مانگە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، "پێویستە لەسەرجەم فەرمانگەکان رەچاوی رێکاری نوێ بکرێت و ماسک بەکاربهێنرێت، هەر فەرمانبەر یان کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یان پێشمەرگە یان ئاسایش پابەندنەبێت سزای دارایی دەدرێت". 


PM:01:34:26/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو