جه‌مال كۆچه‌ر: تا ئێستا مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین نه‌كراوه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگەیاند، پەرلەمان ناتوانێت دەنگ لەسەر قەرزکردنی رەها بدات، دەشڵێت، "وا کۆتایی مانگە و مووچەی فەرمانبەرانی عیراق تەمویلنەکراوە و ئەوەش رەنگە بەمانای دواکەوتنی دابەشکردنی بێت".


جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە میدیاكانی راگەیاندووه‌، ناکرێت پەرلەمان دەنگ لەسەر یاسای قەرزکردنی رەها بدات و رێگەبدات بە حکومەت هەرکات ویستی قەرز بکات. ئەوەشی خستەڕوو، رێگەدان بە قەرزکردن لێکەوتەی چاوەڕواننەکراوی لێدەکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "رێگەدان بە حکومەت بۆ قەرزکردن رێگە خۆشدەکات بەبێ چاودێریکردن هەرکات ویستی قەرزبکات، هەربۆیە پێویستە کات و بڕەکەی دەستنیشان بکرێت و مەرجی بۆ دابنرێت".

باسی لەوەشکرد، تا ئێستا مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی عیراق دابیننەکراوە، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای قەرزکردنیش پێویستی بە کاتە و بەوەش ئەگەری دواکەوتنی دابەشکردنی موچە لە ئارادایە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند، پابەندن بە دابەشکردنی مووچە و لە هەوڵی دانانی نەخشەرێگایەکن بۆ دابینکردنی خەرجییە سەرەکییەکانی سێ مانگی داهاتووی ئەمساڵ.

لە ماوەی رابردوودا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی هاوتەریبی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق کردەوە و رایگەیاند، لەسەر خواستی بەغدا بووە و بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەیە لە هەمان کاتی دابەشکردنی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵیدا.
 


AM:11:39:25/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت