په‌رله‌مانتارێك: رێگه‌ ناده‌ین به‌غدا قه‌رز بكات و پاره‌كه‌ش بۆ هه‌رێم بنێرێت


وێستگه‌ نیوزـ

زۆربه‌ی په‌رله‌مانتارانی عیراق ده‌ڵێن كه‌ رێگه‌ناده‌ن حكومه‌تی مسته‌فا كازمی جارێكی دیكه‌ به‌ بیانوی موچه‌ قه‌رز بكات و پاشان پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بنینرێت.

مه‌نسور بعێجی، په‌رله‌مانتارای عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراق و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان شه‌و و رۆژ هاواریان ده‌كرد كه‌ مه‌به‌ستیان له‌ قه‌رزكردن، دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌ و ده‌شیانوت كه‌ موچه‌ی سێ مانگی داهاتویان زامن كردوه‌ و وتی "به‌ڵام سه‌رسام بوین به‌وه‌ی حكومه‌ت داوایه‌كی دیكه‌ی پێشكه‌ش كردوه‌ و ده‌یه‌وێت قه‌رز بكات."

بعێجی وتی "زۆربه‌ی په‌رله‌مانتاران قایل نین به‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ش حكومه‌ت به‌ناوی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ قه‌رز بكات و به‌بێ هیچ قه‌ید و شه‌رتێك له‌وسه‌ره‌وه‌ پاره‌كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی عیراق ده‌ڵێت "هیچ گونجاو نیه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عیراق 45 رۆژ دوابه‌وێت و حكومه‌تیش پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات، ده‌بێت حكومه‌ت یاسا و ده‌ستور به‌بێ جیاوازی جێبه‌جێ بكات و له‌سه‌ر حسابی پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق، موجامه‌له‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌كات".


PM:08:29:23/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 4744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت