کازمی: ناگەڕێینەوە بۆ ململانێی مەزهەبی و دەستدرێژیکاران سزادەدەین

‌مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

وێستگەنیوز-

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەیان بەدوژمنكردنی براكانی بۆ ئامانجی سیاسی تێپەڕاندوە و  ناگەڕێنەوە بۆ ململانێی مەزهەبی، جەختیش دەکاتەوە کە هێرشکردنەسەر بارەگای پارتی لە بەغدا رەفتارێکی رەتکراوەیەوە و " دەستدرێژیکاران سزادەدەین".

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر رایگەیاند، "گەڕانەوە بۆ پێكدادانی تایفی بوونی نییە و بەدوژمنكردنی براكان بۆ ئامانجی سیاسی لەو قۆناغانەن کە  پێكەوە بەجێمان هێشتون". 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "تاوانەكەی بەلد" و هەروەها دەستدرێژیكردنە سەر بارەگای PDK ڕەتكراوەیە و دژی دەستدرێژییەكانی سەر عێراقییەكان دەوەستینەوە؛ هەندێ تێوەگلاومان دەستیگركرد، بەدوای ئەوانیتریشەوەین".

بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم لقی پارتی لە بەغدا دەستیپێکرد دژی لێدوانێکی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە ناڕەزایی دەردەبڕن و بارەگاکەشیان سوتاند، دوای ئەوەی رایگەیاندبو، حەشدی شەعبی هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێری ئەنجامداوە.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان په‌یامێكى له‌سه‌ر سوتاندنى باره‌گاى پارتى له‌ به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزاردەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كیى ڕوخاندنى دكتاتۆرى بوه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژوی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌یە بۆ سەر  پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسییه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستور و  دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌."







PM:11:15:17/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت